وەزیری دەرەوەی کەنەدا بۆ کوردستان24: لەگەڵ هاوبەشەکانمان بۆ سەقامگیریی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کار دەکەین

K24 – هەولێر:
مێلانی جۆلی، وەزیری دەرەوەی کەنەدا، لەبارەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، لەدۆخی ناوچەکە و زیادبوونی گرژییەکان نیگەرانن، دەبێت لەگەڵ هاوبەشەکانمان بۆ سەقامگیریی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی کار بکەین.
ئەمڕۆ چوارشەممە (3ـی نیسانی 2024) مێلانی جۆلی، وەزیری دەرەوەی کەنەدا لەوەڵامی پەیامنێری کوردستان24 سەبارەت بە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش لە عێراق و گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەڵێت: ئێمە بەشێکین لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، هەروەها ماوەیەک پێش ئێستاش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووم، چاوم بەو هێزانەشمان کەوت، کە لە کوەیتن.
وەزیری دەرەوەی کەنەدا، ئاماژەی بەوە دا، ئێمە لە زیادبوونی گرژییەکان نیگەرانین، هەربۆیەش دەمانەوێت توندوتیژییەکان ڕاگیرێن.
مێلانی جۆلی، گوتیشی: دەبێت لەگەڵ هاوبەشەکانمان کار بکەین تاوەکو دۆخی ناوچەکە بە سەقامگیریی بمێنێتەوە.