وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لەبارەی زیادکردنی هاوکارییەکان و پشتیوانیی ئۆکرانیا کۆبوونەوە

وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە برۆکسڵ کۆبوونەوە
وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە برۆکسڵ کۆبوونەوە

K24 – برۆکسل:

وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە برۆکسل کۆبوونەوە و سەبارەت بە زیادکردنی هاوکارییەکان و پشتیوانیی ئۆکرانیا گفتوگۆیان کرد، لە کۆبوونەوەکەدا، سکرتێری گشتیی ناتۆ پێشنیازی کرد پاکێجێکی هاوکاریی سەربازی بە بڕی 100 ملیار یۆرۆ بۆ ماوەی پێنج ساڵ بۆ ئۆکرانیا دابین بکرێت. بارزان حەسەن، پەیامنێری کوردستان 24 لە برۆکسل ئامادەی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ بوو و چەندان پرسیاری تایبەت بە دۆخی ناوچەکە و هەڕەشەکانی داعشی لە بەشداربووان کرد.

وەزیرانی دەرەوەی گەورەترین هاوپەیمانێتیی سەربازی بۆ زیاترکردنی پشتیوانییەکانیان بۆ ئۆکرانیا لە برۆکسل کۆبوونەوە، لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا یێنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ ڕایگەیاند، بڕوام وایە گرنگە هاوپەیمانان بە خێرایی بڕیار بدەن. لە نێویشیاندا، ئەمەریکا، بێگومان ئەمەریکا تاکە پشتیوانی ئۆکرانیا نییە، بەڵکو کەنەدا و هاوپەیمانانی ئەوروپی نزیکەی 50% پشتیوانییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا دابین دەکەن."

مەترسی فراوانبوون و پەلهاوێشتنی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا ترسی خستووەتە دڵی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ و لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی لەبارەوە کراوە. بەشێک لە وڵاتان کەوتوونەتە خۆ ئامادەکردن و بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانیان.

لەلایەکی دیکەوە ئانەلینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، گوتی: "زۆر گرنگە ئێمە لە پیشەسازی و تواناکانی بەرگریی خۆماندا وەبەرهێنان بکەین، لە بەرانبەر ئەو هێرشە هەمەچەشنانەی ڕووسیا دژی ئاسایشی ئەوروپا بە تایبەتی بۆ سەر تەکنەلۆجیای نوێ دەیکات. پێویستە بە هەموو شێوەیەک بەردەوام بین لە پشتگیریی ئۆکرانیا، چونکە ئەمە ئازادی و دیموکراسی و ئارامیمان مسۆگەر دەکات."

کوردستان24 وەک میدیایەکی پیشەگەر، هەمیشە لە کۆبوونەوە جیهانییە گرنگەکاندا بەشدارە. بارزان حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 دەرفەتەکەی قۆستەوە و پرسیاری دۆخی ناوچەکە و هەڕەشەی داعشی لە وەزیرانی بەشداربوو لە کۆبوونەوەدا کرد.

لای خۆیەوە مێلانی جۆلی، وەزیری دەرەوەی کەنەدا، لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، ئێمە بەشێکین لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، من ماوەیەک پێش ئێستاش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووم، چاوم بەو ‌هێزانەشمان کەوت، کە لە کوەیتن.

وەزیری دەرەوەی کەنەدا، گوتی: ئێمە لە زیادبوونی گرژییەکان نیگەرانین، هەربۆیەش دەمانەوێت توندوتیژییەکان ڕاگیرێن، لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت لەگەڵ هاوبەشەکانمان کاربکەین تاوەکو دۆخی ناوچەکە بە سەقامگیریی بمێنێتەوە".

کۆبوونەوە دوو ڕۆژییەکەی ناتۆ لە کاتێکدایە، ڕۆژی پێنج شەممە ناتۆ وەک بەهێزترین هاوپەیمانیی سەربازی یادی 75 ساڵەی دامەزراندنی دەکاتەوە.