دانا جەزا: هەنگاوەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم بە ئاراستەی چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا زۆر گرنگە

K24 – هەولێر:
ئەندامێکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژە بەوە دەکات، هەرێمی کوردستان ئێستا لە قۆناغێکدایە کە دەتوانێت بەرگری لە مافەکانی خۆی بکات. هاوکات دەڵێت: هەنگاوەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە ئاراستەی چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا زۆر گرنگە.
دانا جەزا، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 ڕایگەیاند، ئەو ململانێ سیاسییەی کە هەیە، تەنیا بۆ ئەوەیە ئازادیی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا قەتیس بکرێت و لە قاڵب بدرێت و هاوشێوەی گەلانی دیکەی عێراق ژیانێکی ئاسایی نەژین، ئەو کارەی ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەنگاوێکی گرنگە و جێگەی دڵخۆشی هەموو لایەکە و هەنگاوێکی سەرکەوتووی حکوومەتە بەو ئاراستەیە.
ئەو ئەندامی پێشووی عێراق دەڵێت: بەداخەوە لە عێراق دۆسیە سیاسییەکان تێکەڵی دۆسیەی ئیدارەی دەوڵەت و حکوومەت کراوە، ئەمەش وایکردووە دەست بکەن لە قوتی مووچەخۆران و شایستەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەربدەن. ئەمەش ئاڵناگرییەکە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی، بەڵام هەرێمی کوردستان لە چەندین قۆناغدا توانیویەتی ئەو فشارانە تێبەپەڕێنی.
دانا جەزا، ئاماژەی بەوەدا، هەر لایەنێک دژی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان بێت یەکەمجار زیانلە خۆی دەدات و دواتر زیان لە هەرێمەکە دەدات، بەڵام گەلی کوردستان ئەوە قبووڵ ناکات، بۆیە دەبێت هەموو کورد بە یەکڕیزیی دژی ئەو ئیرادەیە بوەستنەوە کە دەیانەوێت قەوارەی هەرێمی کوردستان نەمێنێت.
ئەو ئەندامی پێشووی عێراق، گوتی: هەموو ئەو هەنگاوانەی کە بە ئاراستەی چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەنرێت نابێت لێکدانەوەیەکی نەرێنییان بۆ بکرێت، بەڵکو دەبێت بە هەنگاوێکی زۆر باش و ئەرێنی سەیر بکرێن.
دانا جەزا، گوتیشی: هەرێمی کوردستان ئێستا لە قۆناغێکدایە کە دەتوانێت بەرگری لە مافەکانی خۆی بکات، هەروەها دەبێت کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی و عێراقیش تێبگەن لەوەی ئەوە فشارانەی کە لە هەرێمەکە دەکرێن دەبێت بوەستێندرێن.
ڕۆژی چوارشەممە (3ـی نیسانی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر، بە هاوکاریی هەردوو تیمی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ و تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا چارەیەکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سوپاسی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و هەموو ئەو هێز و لایەنانەی کردووە کە هاوکار بوون تاوەکو پێکەوە بتوانن بەسەر ئەو کۆسپ و تەگەرانەدا زاڵ ببن.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە: "لە ماوەی ڕابردوودا، هەوڵی زۆر دراوە کە هاووڵاتییانی هەرێم نائومێد بکرێن، بۆیە جارێکی دیکەش سوپاسی خۆڕاگریی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دەکەم".