سوپای پاسداران کوژرانی شەش ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی لە سیستان و بەلوچستان ڕاگەیاند

K24 – هەولێر

سوپای پاسدارانی ئێران بڵاوکردەوە لە هێرشەکەی چەکدارانی جەیشولعەدل لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان هەشت ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی کوژراون، لە بەرانبەریشدا 16 چەکداری جەیشولعەدل کوژراون.

ئاژانسی تەسنیم بڵاویکردووەتەوە، لە شەڕو پێکدادانەکانی شەوی چابەهار و ڕاسک لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان دوو ئەندامی هێزەکانی فەرماندەیی پۆلیس، دوو ئەندامی هێزەکانی پاسەوانی سنوور و چوار ئەندامی هێزەکانی سوپای پاسداران و بەسیج کوژراون.

هەر بە گوێرەی هەواڵی تەسنیم، لە شەڕو پێکدادانەکاندا 16 چەکداری چەیشولعەدل کوژراون و تاوەکوو بەرەبەیان پێکدادانەکان لە ڕاسک بەردەوام بووە، بەڵام ئێستا دۆخی ئەمنی تەواوی چابەهار و ڕاسک ئاسایی بووەتەوە.

هەروەها محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی پیادەی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندووە، ئەو چەکدارانەی هێرشەکانیان کردووە، کەسانی خۆکوژ بوون و دوای شەڕکردن بە پشتێنەی بۆمبڕێژکراو خۆیان بە هێزەکاندا تەقاندووەتەوە.

درەنگانی شەوی ڕابردوو چەکدارانی جەیشولعەدل لە هەردوو شارۆچکەی ڕاسک و چابەهاری سەر بە پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە یەک کاتدا هێرشیان کردە سەر سێ شوێنی جیا کە بنکەی پاسەوانی سنوور، بارەگای سوپای پاسداران و بنکەی هێزەکانی ناوخۆی ئێران بوون، بە گوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی ئێران، شەڕو پێکدادانەکان تا وەکوو بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بوون.

Fly Erbil Advertisment