ئه‌عره‌جی: رێگە نادەین لە خاکی عێراقەوە هێرشبکرێتەسەر وڵاتانی دراوسێ

قاسم ئه‌عره‌جی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق
قاسم ئه‌عره‌جی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق

K24 - هەولێر:

راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق جەخت لەوەدەکاتەوە، رێگەنادەن لەخاکی عێراقەوە هێرشبکرێتەسەر وڵاتانی دراوسێ.

لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ پاتریک دۆرێل باڵیۆزی فەڕەنسا لە بەغدا، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق رایگەیاند، هەماهەنگییەکانی پاریس و بەغدا لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەردەوامە، عێراق هەرگیز رێگە نادات خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت.

ئەعرەجی ئاماژەی بەوەشدا، عێراق سوورە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و جێبەجێکردنی سەرجەم ئەو بەندانەی لە رێککەوتنی ستراتیژی هەردوولادا هاتووە.

گوتیشی، عێراق چیتر قبوڵ ناکات خاکەکەی بۆ یەکلایکردنەوەی ململانێ هەرێمییەکان بەکاربهێنرێت.

رۆژی 19ـی ئاداری 2024، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی توركیا رایگه‌یاند، له‌ هاوینی داهاتوودا له‌گه‌ڵ عێراق سنووره‌كانی نێوانیان كۆنتڕۆڵ ده‌كه‌ن و رێگه‌ به‌ چالاكییه‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌ سنووره‌كان ناده‌ن و له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانیان له‌ سووریاش به‌رده‌وام ده‌بن.

هه‌روه‌ها له‌ 19ـی ئاداری ساڵی 2023، ئێران و عێراق رێككه‌وتنێكی ئه‌منییان واژووكرد، به‌هۆیه‌وه‌ سنووره‌ هاوبه‌شه‌كانییان ده‌پارێزن، ئێران له‌مباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاندبوو، هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان، مه‌ترسی بۆسه‌ر سه‌قامگیری ئێران دروست ده‌كه‌ن.

 

Fly Erbil Advertisment