خانزاد ئه‌حمه‌د: ده‌نگی ئافره‌تانی كوردستان ده‌گه‌یه‌نینه‌ دۆستانی كورد تاكو ڕووبه‌ڕووی ئه‌نفالێكی دیكه‌ نه‌بنه‌وه‌

خانزاد ئه‌حمه‌د
خانزاد ئه‌حمه‌د

K24 – هەولێر:

شاندێكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای كاروباری خانمان و گه‌شه‌پێدان له شاری ئه‌لبی‌ فه‌ره‌نسایه بۆ به‌شداریكردن له‌ فیستیڤاڵێكدا‌؛ هاوكات ئه‌میندار گشتی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئامانجیان له‌ سه‌ردانه‌كه‌ بریتییه‌ له‌ گه‌یاندنی ده‌نگی ئافره‌تانی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ ڕووبه‌ڕووی ئه‌نفال نه‌بنه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 5ـی نیسانی 2024) خانزاد ئه‌حمه‌د، ئه‌منیداری گشتی ئه‌نجوومه‌نی باڵای كاروباری خانمان و گه‌شه‌پێدان تایبه‌ت به‌ كوردستان24 ڕایگه‌یاند، له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی دۆستایه‌تی فه‌ره‌نسی – كوردی داوه‌ت كراون بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی ئافره‌تانی ئه‌نفالی كوردستان بگه‌یه‌ننه‌ دۆسته‌كانی كورد كه‌ له‌ ڕۆژه‌ سه‌خته‌كاندا له‌گه‌ڵ كورد بوونه‌.

خانزاد ئه‌حمه‌د سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌یش ڕاكێشا، ئامانجیانه‌ ده‌نگی ئافره‌تانی ئه‌نفالی كورد له‌ گه‌رمیان، بادینان و بارزان و ئافره‌تانی ئێزدی و فه‌یلی بگه‌یه‌ننه‌ دۆستان بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ كورد ئه‌نفال نه‌كرێته‌وه‌.

ئه‌منیداری گشتی ئه‌نجوومه‌نی باڵای كاروباری خانمان و گه‌شه‌پێدان گوتیشی، تا ئێسته‌یش هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌نفال له‌سه‌ر كورد هه‌یه‌ و ئافره‌تان و دایكان و كچانی كورد مه‌ترسیی ئه‌نفالێكی دیكه‌یان له‌سه‌ره‌.

ڕوونیشی كرده‌وه‌ بڕینی مووچه‌ و شایسته‌ی ئافره‌تانی ئه‌نفال له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌، ئه‌نفالێكی دیكه‌یه‌ دژ به‌ ئافره‌تانی كوردستان.

ناوبراو باسی له‌وه‌یش كرد، له‌ناو فیستیڤاڵه‌كه‌دا هه‌موو ئه‌و ئه‌نفالانه‌ی ڕووبه‌ڕووی ئافره‌تانی كورد بووه‌ته‌وه‌، بۆ به‌شداربووان و دۆستانی كورد ده‌خه‌نه‌ڕوو.