وەزارەتی ناوخۆی تورکیا: هەشت کەس بەتۆمەتی کاری سیخوڕی بۆ دەزگای مۆساد دەستگیرکراون

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا

K24 - هەولێر:

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، هەشت کەس بەتۆمەتی گواستنەوەی زانیاریی لەبارەی ئەو کەسانەی کە لەلایەن دەزگای هەواڵگری مۆسادەوە لە چاودێریکردن دان، دەستگیرکران.

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێک بە هەماهەنگیی نێوان پۆلیس و دەزگای هەواڵگری تورکیا ئەنجامدرا و، دوای کێوماڵکردنی ژمارەیەک ناونیشان، هەشت کەس لە 3ـی ئەم مانگە دەستگیرکراون.

وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاشکراشی کرد، ئەو هەشت کەسە کاری سیخوڕیان بۆ دەزگای مۆساد کردووە، کە زانیارییان لەبارەی ئەو کەسانەی کە لەلایەن دەزگاکەوە لە چاودێریکردن دان گواستووەتەوە.

عەلی یەرلیکایا، دەڵێت: دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، سەرجەم دەستگیرکراوان دانیان بە تۆمەتەکان ناوە. پێشتر رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاندبوو، رێگە نادەن مۆساد ئۆپەراسیۆن لە دژی هاوڵاتییانی فەڵەستینی لە تورکیا بکات.

Fly Erbil Advertisment