عەلی دۆڵەمەری: بەرپرسانی فەرەنسا پاڵپشتی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپات دەکەنەوە

K24 – هەولێر:
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، رایدەگەیەنێت، فەرەنسا دەیەوێت عێراق لە چوارچێوەی دەستووردا هەموو مافەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکات. هاوکات دەڵێت: بەرپرسانی فەرەنسا پاڵپشتی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپات دەکەنەوە
عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، فەرەنسا دەسپێشخەر بوو لە دەرکردنی بڕیاری 688ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی خەڵکی هەرێمی کوردستان، هەروەها لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر فەرەنسا توانی پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات و هەرێمەکە بپارێزێت.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، راشیگەیاند، لە دوایین سەردانی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا و کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و راوێژکارانی سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا، دووبارە فەرەنسا پاڵپشتی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
عەلی دۆڵەمەری، ئاماژەی بەوەدا، فەرەنسا خوازیارە قەوارەی هەرێمی کوردستان بەهێزتر بێت، سەقامگیری هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ فەرەنسا گرنگە، هەروەها فەرەنسا دەیەوێت عێراق لە چوارچێوەی دەستووردا هەموو مافەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکات.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، باسی لەوەکرد، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن لە پاراستنی خەڵک و قەوارەی هەرێمی کوردستان، وڵاتانی ئەوروپا کونسوڵگەری گشتیان لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئەمەش نیشانەی گرنگی هەرێمی کوردستانە لەلایەن وڵاتانی ئەوروپا.
عەلی دۆڵەمەری، گوتی: ئەمساڵ بۆ یەکەمجار بوو توانیمان ئاهەنگی جەژنی نەورۆز لە بارەگای ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا ساز بکەین، ئەمەش خۆی لە خۆیدا دەستکەوتێکی گەورەیە، لە ئاهەنگەکە نوێنەری سەرۆکی سێنات پشتگیری فەرەنسای بۆ گەلی کورد دووپات کردەوە و گوتی: دەبێت گەلی کورد لەبیر نەکەین، چونکە ئەوان لەبری هەموو جیهان توانییان شەڕ لەگەڵ داعش بکەن و لەناوی ببەن، هەورەها گەلی کورد توانی ئاسایشی فەرەنساش بپارێزێت.
ناوبراو گوتیشی: هەمیشە هەرێمی کوردستان فاکتەری سەرەکی سەقامگیریی بووە لە ناوچەکە، کە ئەمەش بۆ وڵاتانی ئەوروپا زۆر گرنگە، هەموو وڵاتانی جیهان پشتگیری لە هەرێمی کوردستان دەکەن.