رێزان حەمەساڵح: ئیتالیا رۆڵی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی زۆر بە گرنگ دەنرخێنێت

رێزان حەمەساڵح، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتالیا
رێزان حەمەساڵح، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتالیا

K24 – هەولێر:

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتالیا، ئاماژە بەوە دەکات، وەزارەتەکانی بەرگری، ژینگە و ئەنجوومەنی پیرانی ئیتالیا، پشتیوانیی لە دۆزی رەوای گەلی کورد دەکەن، بەلایەنەوە زۆر گرنگە قەوارەی هەرێمی کوردستان وەکو خۆی بمێنێتەوە.

رێزان حەمەساڵح، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتالیا، بە کوردستان24ـی راگەیاند، پەیوەندییەکانی ئیتالیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان زۆر دێرینە، هەروەها لە 20 ساڵی کۆتاییدا پەیوەندییەکانی نێوانیان پتەوتر بووە، هەموو حکومەتەکانی ئیتالیا پشتگیریان لە دۆزی کورد کردووە.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتالیا، دەڵێت: جگە لە حکومەت دۆستایەتی گەلی ئیتالیاش لەگەڵ گەلی کورد زۆر دێرینە و پشتگیری لە دۆزی گەلی کورد دەکەن.

رێزان حەمەساڵح، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا، رۆڵی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، رۆڵێکی زۆر گرنگە و ئیتالیا رۆڵەکە زۆر بە گرنگ دەنرخێنێت.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتالیا، ئاماژەی بەوەشکرد، بەدەر لە حکومەتەکانی ئیتالیا، ڤاتیکانیش زۆر گرنگی بە هەرێمی کوردستان دەدات و دەیەوێت ئەو هەرێمە هەمیشە سەقامگیر بێت، چونکە ئەو پێکەوەژیانەی نێوان پێکهاتە و ئایین و ئایینزاکان جێگەی بایەخی بەرپرسانی ڤاتیکان و خودی پاپای ڤاتیکانە.

رێزان حەمەساڵح، گوتی: بوونی کونسوڵگەری وڵاتانی لە هەرێمی کوردستان، هەروەها بوونی پەیوەندییەکی بەهێزی سەرۆکوەزیران لەگەڵ ئەو کونسوڵ و دیپلۆماتکارانە پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و وڵاتانی جیهانی بەهێزتر کردووە، کە سەرجەمیان پشتگیری لە حکومەت ،خەڵک و قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەن.

هاوکات ناوبراو گوتیشی: وەزارەتەکانی بەرگری، ژینگە و ئەنجوومەنی پیرانی ئیتالیا، بەلایەنەوە زۆر گرنگە قەوارەی هەرێمی کوردستان و دۆزی گەلی کورد بەهێزتر بکرێت و قەوارەی هەرێمی کوردستانیش وەکو خۆی بمێنێتەوە.

Fly Erbil Advertisment