هاووڵاتییانی سووری دانیشتووی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکرێنەوە

پاسپۆرتی سووریا
پاسپۆرتی سووریا

K24 – هەولێر:

بە فەرمانی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییانی سووری راگیرا، هەروەها ئەو گەشتیارانە و ئەوانەشی ڤیزایان هەیە پێش رێکەوتی 29ـی ئاداری ئەمساڵ هاتوونەتە هەرێمی کوردستان ناتوانن ڤیزاکەیان بگۆڕن بۆ نشینگە.

لە نووسراوێکدا کە وەزارەتی ناوخۆ/ بەڕێوەبەرایەتی ڤیزا ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامەی هەرێمی کوردستانی کردووە و کۆپییەکی دەست کوردستان24 کەوتووە، تێیدا هاتووە، بە فەرمانی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاردرا بە راگرتنی پێدانی ڤیزا بە هەڵگرانی پاسپۆڕت و تراڤڵ دیکۆمێنتی سووری لە 29ـی ئادارەوە، جگە لەوانەی هەڵگری نشینگەی وڵاتانی ئەمەریکا، کەنەدا و ئەورووپان تەنیا بە مەبەستی سەردان دەتوانن بۆ ماوەی 30 رۆژ ڤیزای کوردستان وەربگرن.

لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، ئەو گەشتیارانە و ئەوانەشی ڤیزایان هەیە پێش رێکەوتی سەرەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان ناتوانن ڤیزاکانیان بگۆڕن بۆ نشینگە و بەر لە تەواوبوونی ماوەکەیان دەبێت خاکی هەرێمی کوردستان جێبهێڵن.

رۆژی (30ـی ئاداری 2024)، شێخ کامیل محەممەد، بەڕێوەبەری نشینگەی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەفەرمانی وەزیری ناوخۆ پێدانی ڤیزا و نشینگە بۆ کەسانی سەڵتی سووری کە بۆ کار دێنە هەرێمی کوردستا ڕاگیراوە.

بەڕێوەبەری نشینگەی هەولێر، گوتیشی: بۆ ئەوەی دەرفەتی کارکردن بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان زیاتر بڕەخسێت، ڤیزا تەنیا بەو خێزانە سوورییانە دەدرێت کە بۆ گەشت و سەردانی خێزانی دێنە هەرێمی کوردستان.

ە
Fly Erbil Advertisment