بۆری نەوتی کەرکووک – جەیهان بەشێوەی ئەزموونی کاریپێکرا

بۆری نەوت
بۆری نەوت

K24 – هەولێر:

کۆمپانیای نەوتی باکوور بەشێوەیەکی ئەزموونی کاری بە بۆری نەوتی کەرکووک – جەیهان کرد وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان.

رۆژی هەینی (5ـی نیسانی 2024) سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، بە مەبەستی تاقیکردنەوەی بۆری نەوتی کەرکووک – جەیهان و زانینی سەلامەتی یەکپارچەیی بۆرییەکە لەنێوخۆی عێراق و دۆزینەوەی هەر درز و پچڕانێک، بەشێوەیەکی ئەزموونی نەوتیان ناردووەتە نێو بۆرییەکە تاوەکو سنوور، بەبێ ئەوەی دەربازی تورکیا بێت.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: کۆمپانیای نەوتی باکوور لە چوارچێوەی هەوڵ و ڕێنماییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، سەرقاڵی ئامادەکردنی هێلی بۆری نەوتی کەرکووک – جەیهانە کە لە کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای کەرکووکەوە تا بەندەری جەیهانی تورکیا درێژدەبێتەوە.

بۆری نەوتی کەرکووک – جەیهان، درێژییەکەی 350 کیلۆمەترە، لە ماوەی رابردوو لە سنووری پارێزگاکانی کەرکووک، سەڵاحەددین و نەینەوا لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رووبەڕووی زیانپێکەوتن بووەتەوە و پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە تەواوبووە.

هاوکات سەرچاوەکە جەختیکردووەتەوە، ئێستا بۆری نەوتی کەرکووک – جەیهان ئامادەیە بۆ گواستنەوەی نەوت لە پاڵاوگەکانی کەرکووکەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان و لە چاوەڕوانی بڕیاری وەزارەتی نەوتی عێراقە بۆ دەستپێکردنەوە هەناردەکردنی نەوت.

بەگوێرەی داتاکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور، بەرهەمهێنانی ئێستای کۆمپانیاکە لە رۆژێکدا، 350 هەزار بەرمیلە، کە لەو ژمارەیەشدام 10 هەزار بەرمیل هەناردەی ئوردن دەکرێت و 100 هەزار بەرمیلیش بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکان دابین دەکرێت، لەگەڵ تەرخانکردنی ئەو بڕەی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ پاڵاوگە ئەهلییەکانی هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی دیاریکردووە.

له‌ 25ی ئاداری 2023ـەوە هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا راگیراوە، به‌غدا و هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌ خه‌ریكی ئه‌نجامدانی دانووستانن بۆ دووباره‌ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم جگە لەوەی زیانی بە بودجە و ژێرخانی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە، لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسانی تورکیا چەندین جار دووپاتیان کردووەتە کە ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە.