کەنەدا.. زیاتر لە 100 هەزار کەس بەهۆی بەفربارینەوە بێ کارەبا بوون

بافربارین لە کەنەدا (وێنە: AP)
بافربارین لە کەنەدا (وێنە: AP)

K24 - هەولێر

لە هەندێک ناوچەی کەنەدا زیاتر لە 25-35 سانتیمەتر بەفر باریوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 100 هەزار کەس بێ کارەبا بوون.

لە کەنەدا وەرزی بەهارە و لەجیاتی چرۆکردنی درەختەکان، چەند ناوچەیەکی ئەم وڵاتە بەفر سەرچڵ و لق و پۆپی درەختەکانی داپۆشیوە. لە هەندێک شوێن زیاتر لە 30 سانتیمەتر بەفر باریوە و لە ناوچە دوورە دەستەکان تاڕادەیەک ئاستەنگی بۆ هاتووچۆ دروست کردووە.

هاووڵاتییەکی کەنەدا باس لەوە دەکات، "هەمیشە لێرە دەبێت چاوەڕوانی بارینی بەفر بکەیت تاوەکو کۆتایی مانگی نیسان، ئەوە بەم شێوەیەیە".

لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووەوە، بەفر لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ئۆنتاریۆ و باشووری کیوبیک دەبارێت. ئاستی بەفرەکە لە هەندێک ناوچە 25 بۆ 35 سانتیمەترە. کۆمپانیای گەیاندنی هایدرۆ کیوبیک ڕایگەیاندووە زیاتر لە 100 هەزار کەس لەم دوو ڕۆژەدا بەهۆی بارینی بەفر لە خزمەتگوزاری کارەبای بەردەوام بێبەش بوون، بەڵام لەهەمانکاتدا بۆ بەشێک لە هاووڵاتیان بارینی بەفر سوپرایز بوو.

هاووڵاتییەکی دیکە ئاماژە بەوە دەدات، "نا، بەدڵنیاییەوە چاوەڕوانی بارینی بەفرم نەدەکرد. بەپێچەوانەوە، ناچاربووم بێمە ئۆفیسەکە بۆ ئەوەی هەندێک سەردان ڕێک بخەم، با بڵێین ئەم بەیانییە سوپرایزێکی خۆشبوو".

کەشناسی و ژینگەی کەنەدا پێشبینی کردبوو  بەفر لە  لەناوچەکانی ئۆنتاریۆ  برۆکڤێل، ئۆتاوا، کۆرنواڵ، سمیس فۆڵس ببارێت، هەروەها پۆلیس بڵاوی کردووەتەوە بەهۆی بارینی بەفر زیاتر لە 50 حاڵەتی پێکدادانی ئۆتۆمبێل لەو ناوچانە تۆمار کراون.

Fly Erbil Advertisment