ئاری نانەکەلی: سەرۆکوەزیران بەسەر ئەو گرفتانەدا سەرکەوت کە ناحەزان دروستیان کردبوو

K24 – هەولێر
ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، بەشێک لەو کارەکتەرانەی کە خۆیان بە دەمڕاستی خەڵکی دەزانی، بەرامبەر سیاسەتەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان شکستیان هێنا.
ئەمڕۆ شەممە، 6ـی نیسانی 2024، ئاری نانەکەلی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانی گەشتێکی ژووری هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، خاڵی سەرەکی جێگەی متمانەی مەسرور بارزانی لەلای خەڵکی کوردستان، هاووڵاتییانی کوردستان دەیانزانی سەرۆکی حکوومەت بەڵێنەکانی جێیبەجێ دەکات، خەڵکانێکی دیکەش سەنگەرییان گرتبوو لە ناوە و دەرەوەی بەغدا.
بەگوتەی ئەو، "خودی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و تیمەکەی لەسەر خەت بوون و کۆڵیان نەدا و لە ڕووی سیاسی و دیبلۆماسییەوە بەردەوامبوون شازشیان نەکرد تاکوو ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بەدەستبێت."
ئاری نانەکەلی دەڵێت: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە قۆناغەکانی ڕابردوودا نەک تەنیا بۆ مووچە، بەڵکو بۆ بابەتی دیکەش تووشی ئاستەنگ گرنگ و گەورە بوو، بەڵام خۆڕاگری خودی سەرۆکوەزیران و خەڵکی هەرێمی کوردستان، توانراوە بەشێوەیەکی ئاسایی ماف شایستەکان لە ڕێگەی دەستووری عێراق هەیە بەدەست بێنێت."
ئەو ئەوەشی خستە ڕوو، بابەتی ئەم جارە پەیوەندی بە مووچەوە هەبوو کە قووتی خەڵکی بوو، بەشێک لەو کارەکتەرانی کە خۆیان بە دەمڕاستی خەڵکی دەزانی لە هەندێک شوێن کە زۆر لۆکاڵی بوون، دەیان ویست وای دەرخەن سەرۆکوەزیرانی کابینەی نۆ ناتوانێت بەرگری و داکۆکیی لە مافەکانی هاووڵاتییان بکات، لە هەمان کاتدا دەچوونە بەرەی دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کابینەی نۆ.
ڕاشیگەیاند، سیاسەتی حەکیمانەی مەسرور بارزانی و حکوومەتی هەرێم وایکرد بەشێوەیەکی سیاسی بۆ چارەی کێشەکان بچێت، و پێداگر بێت لەسەر ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان، بەتایبەت مووچە. بەڵێنەکە هاتەدی، ئەو بەڵێنەش نەک تەنیا بۆ یەکجار بەڵکو بە ماوەیەکی کەم دوو مووچە ڕابگەیەنێت. کە ئەمیش خۆی لە خۆیدا ئەو متمانەیە لای خەڵکی کوردستان، مووچەخۆران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئەم ڕاستییە باش دەزانن.
ڕۆژی چوارشەممە (27ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بڕیارمان دا بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو و وەزارەتی داراییم ڕاسپاردووە، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو بکەن و ئامادەکاریش بکەن بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی سێ و مانگەکانی داهاتووش.
هەروەها سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی دیکەی لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریان لەبارەیەوە دراوە بۆ دۆخی ناهەمواری ئابووریی سەر شانی خەڵکی هەرێمی کوردستان سووک بکات؛ یەکێک لە بڕیارەکانیش دابەشکردنی زەوییە و لەو بارەیەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: بڕیارماندا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەست بکات بە تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە تاوەکو ئێستا لە حکوومەت سوودمەند نەبوون.
هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەیدا، چەند بڕیارێکی دیکەی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیان ڕاسپاردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە، لەوانەش:
داشکاندن لە پارەی کەڵەکەبووی کارەبا بە ڕێژەی 20%.
داشکاندنی 20% لە سزای کەڵەکەبووی مرور (هاتووچۆ).
داشکاندنی 50% لە ڕسووماتی هێنانی گۆشت
داشکاندنی 20% لە کرێی خوێندنی پارالێل لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان.
لێخۆشبوونی سزا لە دواکەوتنی بەشداریی دەستەبەریی کۆمەڵایەتی.
داشکاندنی ڕسووماتی کەڵەکەبووی ئاو بە ڕێژەی 20%.
داشکاندنی ڕسووماتی شارەوانی بەتایبەت کرێی کرێچییەکانی وەزارەتی شارەوانی بە ڕێژەی 20%.
لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی باج لەلایەن پیشەوەران، کاسبکاران و کەمدەرامەتان.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد: "هیوادارم ئەم هەنگاوانە و ئەم بڕیارانە بتوانن تا حەددێک یارمەتی خەڵکی کوردستان بدەن. من جارێکی دیکە سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژیی ئەوان دەکەم و هیوادارم ئێمە بتوانین پێکەوە ئەم قۆناغە تێپەڕینین و ئەمە ببێتە دەستپێکێک بۆ کۆتاییهێنان بە ئابڵووقەی ئابووری کە کەوتووەتە سەر هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان و پێ بنێینە قۆناغێکی نوێتر".
هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هیواشی خواست، بتوانین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بگەنە ئەنجامی باش بۆ چارەی هەموو ئەو گرفتانەی کە لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ماون.