خالید ده‌بونی: گرووپه چه‌كداره‌كان له پشت گه‌نده‌ڵییه‌كانی عێراقن و گه‌نده‌ڵكاران ده‌پارێزن
K24 - هەولێر:
سه‌ركرده‌یه‌كی پارتی موته‌حیدون ئاماژه به‌وه ده‌كات، گه‌نده‌ڵی له عێراق ڕیشه‌یه‌كی قووڵ و ڕاسته‌قینه‌ی هه‌یه و بووه‌ته شێرپه‌نجه‌ی جه‌سته‌ی عێراقی گرتووه‌ته‌وه؛ ده‌شڵێت؛ گرووپه چه‌كداره‌كان له پشت گه‌نده‌ڵییه سیاسی، ئابووری و داراییهكانن و گه‌نده‌ڵكاران ده‌پارێزن.
ئه‌مڕۆ (شه‌ممه 6ـی نیسانی 2024) خالید ده‌بونی، سه‌ركرده له پارتی موته‌حیدون تایبه‌ت به كوردستان24 ڕایگه‌یاند، گه‌نده‌ڵی له عێراق ڕیشه‌یه‌كی قووڵ و ڕاسته‌قینه‌ی هه‌یه و بووه‌ته شێرپه‌نجه و جه‌سته‌ی عێراقی ته‌نیوه.
خالید ده‌بونی ئاماژه‌ی به‌وه‌یش كرد، سه‌ركرده سیاسییه‌كانی عێراق و لایه‌نه سیاسییه‌كان، ده‌ستیان به‌سه‌ر سه‌روه‌ت و سامانی عێراقدا گرتووه و بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان به‌كاری ده‌هێنن و ده‌یقۆزنه‌وه.
خالید ده‌بونی جه‌ختیشی كرده‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له عێراق ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م ده‌سته‌یه به‌هۆی فشار و هه‌ژموونی هێزی گه‌نده‌ڵكاران له‌و ده‌سته‌یه گه‌وره‌تره.
سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌یش ڕ‌اكێشا، گرووپه چه‌كداره‌كان له پشت گه‌نده‌ڵییه سیاسی، ئابووری و داراییهكانن و پشتگیری له سه‌ركرده‌ی پارته سیاسییه‌كان ده‌كه‌ن و ده‌ستیان به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌تدا گرتووه و گه‌نده‌ڵكاران ده‌پارێزن.
ڕوونیشی كرده‌وه، گه‌نده‌ڵی له عێراق هاوكات له لایه‌ن ده‌ستی ده‌ره‌كی و هه‌رێمییه‌وه پشتیوانی لێ ده‌كرێت، كه بههۆیهوهیش عێراقی ڕووبه‌ڕووی وێرانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی سیاسی، ئابووری، دارایی و ئه‌خلاقی كردووه‌ته‌وه.
خالید ده‌بونی سه‌باره‌ت به دزی سه‌ده له دیاله باسی له‌وه كرد، گه‌نده‌ڵی له عێراق هه‌موو پارێزگاكانی گرتووه‌ته‌وه و پڕۆسه‌یه‌كه له به‌غداوه ده‌ست پێ ده‌كات و بۆ پارێزگاكانی دیكه درێژ ده‌بێته‌وه.
وروژاندنی دۆسیەی گه‌نده‌ڵی و به‌رتیل وه‌رگرتن و بوونی كه‌سایه‌تی سیاسیی ملیاردێر له عێراق؛ ده‌نگدانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا و ده‌سته‌ی دەستپاکیی ناچاركرد هه‌نگاو بۆ ده‌رخستنی ڕاستییه‌كان بنێت.
لایەنە سیاسییەکان و هێزە مەدەنییه‌كان لە عێراق سەریان سوڕنەمابوو لەو لێدوانە ئاگرینانەی بەشێک لە سیاسەتمەداران و بەرپرسان سەبارەت بە گەندەڵی دارایی و بەرتیل و به‌رپرسانی ملیاردێر له عێراق به میدیاكانیان دابوو؛ به‌تایبه‌تی لێدوانەکانی عەلی عەبدولئەمیر عەللاوی، وەزیری پێشووی دارایی و شەعلان کەریم، سەرۆکی فراكسیۆنی ته‌قه‌دوم له پەرلەمان، مشتومڕێکی فراوانی لەسەر ئاستی گەندەڵی بەدوای خۆیدا هێنا. دوای ئەو لێدوانانە، ده‌سته‌ی دەستپاکیی فیدراڵ داوای كرد ڕێوشوێنی یاسایی دژی ئەو کەسانەی کە تۆمەتبارن بە گەندەڵی بگیرێنه‌به‌ر.
عه‌لی عه‌بدولئه‌میر عه‌لاوی، وه‌زیری پێشووی دارای عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، زیاتر لە 30 کەسایەتی سیاسی و ئابووریی هەن کە سامانیان یەک ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، سەرچاوەی دەوڵەمەندبوونی گەورە لە عێراقدا دەوڵەتە، بەو پێیەی سەرچاوە بنەڕەتییەکانی ناو دەوڵەت دابەش کراون.
مشتومڕی وه‌زیری پێشووی دارایی كۆتاییان نه‌هاتبوو، شه‌علان كه‌ریم، سه‌رۆكی فراكسیۆنی ته‌قه‌دوم له په‌رله‌مانی عێراقی هاته سه‌ر هێڵ و ئه‌ویش ڕایگه‌یاند، یەکێک لە ئەندامانی په‌رله‌مان دژی ئه‌وه بووه ده‌نگی پێبدرێت، بۆیه ئەم نوێنەرە داوای بەرتیلێکی به‌بڕی 3 ملیۆن دۆلار كردووه، تاكو له پرۆسه‌ی ده‌نگداندا کۆنترۆڵی بڕیارەکانی په‌رله‌مان بكات.
دوابەدوای ئەم لێدوانانە، ده‌سته‌ی دەستپاکی فیدراڵی بۆ ده‌رخستنی راستییه‌كان، داوای له عەللاوی و شه‌علان كه‌ریم کرد ئه‌و زانیاریانەی هه‌یانه، ناوی ئه‌و 30 كه‌سایه‌تی سیاسییه ملیاردلێره و ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ش كه داوای 3 ملیۆن دۆلاری له‌به‌رانبه‌ر كڕینی ده‌نگی په‌رله‌مانتاران كردبوو، پێشكه‌شی ده‌سته‌كه‌یان بكه‌ن.
ده‌ركه‌وتنی ئه‌م سه‌ره‌داوانه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌عێراق و كۆكردنه‌وه‌ی سامانی وڵات له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌كی دیاریكراوی سیاسییه‌وه له كاتێكدایه، له ئۆكتۆبه‌ری 2022 بۆ یه‌كه‌مجار دزی سه‌ده ئاشكرابوو کە بەرپرسانی باڵا و بازرگانانی پێشووی تێدا بوو، ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی لێكهوتهوه.
پێشتر رێكخراوی شه‌فافییه‌تی نێوده‌وڵه‌تی له‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی، عێراقی بە خراپترین وڵاتەکانی گەندەڵی و پێوەرەکانی حوکمڕانی وەسفکردووە، کە مەترسییەکانی گەندەڵی بەهۆی کەمی ئەزموون لە کارگێڕیی گشتی، پرسە تائیفیەکان و نەبوونی ئیرادەی سیاسیی بۆ هەوڵەکانی دژە گەندەڵییهوهن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی شه‌فافییه‌تی نێوده‌وڵه‌تی، گەندەڵی فراوان، ساختەکاری لە كڕین و فرۆشتنه‌كان، سپیکردنەوەی پارە، قاچاخچێتی نەوت و بەرتیلدان وڵاتی گەیاندووەتە خوارەوەی ڕیزبەندی گەندەڵی نێودەوڵەتی، له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا توندوتیژیی سیاسیی ڕێگر بووه لە بنیاتنانی دەوڵەت و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری به هاووڵاتیان.