رێبوار بابکەیی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پیلانی ناحەزانی لەگۆڕ نا

K24 – هەولێر:
بەرپرسی لقی 10ـی پارتی لە سۆران ئاماژە بەوە دەکات، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی وەک فریادڕەس دەرکەوت و پیلانی ناحەزانی لەگۆڕ نا و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدای چارە کرد.
ڕێبوار بابکەیی، بەرپرسی لقی 10ـی پارتی لە سۆران، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی یەکلاییکەرەوە و هەستیاردا تێپەڕی، هێزگەلێکی سیاسی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی ئەوە بوون مەرگی قەوارەی هەرێمی کوردستان ببینن، هەروەها گرەویان لەسەر شکستپێهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی کوردستان کردبوو.
بەرپرسی لقی 10 پارتی ڕاشیگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی وەک فریادرەس دەرکەوت و پیلانی ناحەزانی لەگۆڕ نا و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدای چارە کرد، "جەنابیان پیاوی دەوڵەتن و دەزانێت چۆن کێشەکان چارە دەکات، هەروەها سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەرگیز سازشی لەسەر مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان نەکردووە".
ڕێبوار بابکەیی، ئاماژەی بەوەدا، کاتێک سەرۆکوەزیران توانی کێشەکان چارە بکات و کۆتایی بە قەیرانەکان بهێنێت ئەو هێزگەلە هاتوون خۆیان کردووەتە خاوەنی ئەو دەستکەوتانە.
ئەو بەرپرسەی پارتی دەڵێت: بەداخەوە هەندێک هێز و لایەنی سیاسی لە هەرێمی کوردستان پشێویی دروست دەکەن و هەوڵدەدەن کارەکانی حکومەت تێک بدەن، چارەکردنی کێشەکان ئەرکی حکومەتە نەک ئەرکی ئەو هێزانەی کە لە دەرەوەی شاندی حکومەت دەچنە بەغدا، سەردانی ئەوان بۆ بەغدا بۆ تێکدانی ڕێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە.
ڕێبوار بابکەیی، گوتیشی: هەندێک لایەنی سیاسی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەشیک بوون لە سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەرگیز بەشێک نەبوون لە چارەسەرییەکان.