هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت جەخت لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی سیاسیی پێکهێنانی حکوومەت دەکاتەوە

کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت - بەغدا
کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت - بەغدا

K24 - هەولیر

بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە کۆشکی سەرۆکایەتی حکوومەتی عێراق، لە سەر کۆی پێشهاتەکانی ناوخۆیی، هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان کۆبووەوە و جەختیان لە پابەندبوون بە ناوەڕۆکی ئەو ڕێککەوتننامە سیاسییە کردەوە کە حکوومەتی عێراقی لە سەر پێک هێنراوە.

دوای کۆبوونەوەی سەرکردەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ لەبارەی دۆسییە هاوبەشەکانی هەولێر و بەغدا کراوە لەگەڵ چۆنییەتی چارەکردنیان وەک ئەوەی لە دەستووردا هاتووە، هاوکات دڵنیایی دراوە لە بەردەوامبوونی کاری هاوبەش و پێکەوەیی بنیاتنەرانە کە خزمەت بە سەقامگیریی و بەرژەوەندییەکانی تەواوی خەڵکی عێراق و پێکهاتەکانی بکات.

هەروەها جەخت لە پابەندبوون بە ناوەڕۆکی ئەو ڕێککەوتننامە سیاسییە کرایەوە کە حکوومەتی عێراقی سەری پێک هێنراوە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پرسەکانی پەیوەست بە دۆخی سیاسی، ئەمنیی و ئابووری گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە لەگەڵ هەنگاوەکانی حکوومەت و ئەو ڕێکارانەی بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووریی و گوزەرانی هاووڵاتییان گرنگە، ئەمەش لە سایەی سەقامگیریی و گەشەپێدان دا.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، گەشتەکەی محەممەد شییاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری بۆ ئەمەریکا گفتوگۆی لەبارەوە کراوە لەگەڵ ئەو دۆسیانەی لەو گەشتەیدا سوودانی لەگەڵ ئیدارەی ئەمەریکا باسیان دەکات.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، سەرکردەکانی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت پاڵپشییان بۆ گەشتەکەی سوودانی دەربڕیوە و متمانەیان نیشان داوە ئەوەی شاندی عێراقی بە سەرۆکایەتیی سوودانی لەو گەشتەدا باسی دەکەن لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکان و ڕێکخستنەوەی ئاسایش و سەقامگیریی و پەرەپێدانی بەردەوام دەبێت.

Fly Erbil Advertisment