مەسرور بارزانی بەسەر ئەو ئاستەنگانەدا سەرکەوت کە چەند لایەنێک دروستیان کردبوو

K24 - هەولێر
شرۆڤەکارێکی سیاسی ڕایگەیاند، کابینەی نۆیەم لەسەرەتای دەست بەکاربوونییەوە تووشی کۆمەڵێک گیروگرفت بووەوە، بەڵام مەسرور بارزانی، توانی بەسەر ئەو ئاستەنگانەدا سەرکەوێت کە چەند لایەنێک دروستیان کردبوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ـی نیسانی 2024، حەسەن جەبار، شرۆڤەکاری سیاسی، لە میانی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، کابینەی نۆیەم لە سەرەتای دەست بەکاربوونیەوە بە کۆمەڵێک قەیراندا تێپەڕی، هەندێک لەو قەیرانانە سروشتی بوون وەک؛ کۆڤید 19، دابەزینی نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاست کە 20 دۆلار بۆ هەر بوو.
بەگوتەی ئەو، "ئەو ئالنگارییانەی کە لەو سەردەمەدا هەبوو، سەرۆکوەزیران لەگەڵ تیمەکەی توانی بە بەرنامەیەکی ڕێکوپێک ڕووبەرووی ببێتەوە. ئەگەر بەراوردی بکەین بەو وڵاتانەی کە کۆڤید 19ـی تێدا بوو، ئەو توانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکەوە ببیباتە قۆناغێکی دیکە و تێیدا بەسەر ئەو بارودۆخەدا سەربکەوێت. کە دۆخێکی دژوار بوو هەموو جیهانی گرتبووەوە."
ئەو شرۆڤەکارە دەشڵێت: "قۆناغی دوای دوای ئەو، ئەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی کە بەناو دەستووری بوو، هەوڵی دا کۆمەڵێک کێشە و گیروگرفتی بۆ هەرێمی کوردستانی لە ڕووی یاسایی و دەستوورییەوە دروست بکات، هەوڵێکی ڕژدیش لە ڕێگەی هێزی شیعە درا تاکوو قەوارەی هەرێمی کوردستان بچووک بکرێتەوە."
حەسەن جەبار گوتیشی: "بە چەندین فشاری جۆراو جۆر یاسا و دەستوور هەوڵ درا قووتی خەڵکی ببڕن، دیاربوو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەرامبەر ئەم ئالنگارییانە وەستایەوە و بەر ئەو فشارە دەروونییەی گرت، کە لەلایەن هەندێک حزبی سیاسی ناوە و دەرەوە دەکرا. هەموو ئەمانە بۆ ئەوە بوو دۆخێکی بێمتمانەیی و بێ ئیرادەیی دروست بێت بۆ خەڵکی کوردستان."
ڕۆژی چوارشەممە (27ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بڕیارمان دا بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو و وەزارەتی داراییم ڕاسپاردووە، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو بکەن و ئامادەکاریش بکەن بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی سێ و مانگەکانی داهاتووش.
هەروەها سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی دیکەی لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریان لەبارەیەوە دراوە بۆ دۆخی ناهەمواری ئابووریی سەر شانی خەڵکی هەرێمی کوردستان سووک بکات؛ یەکێک لە بڕیارەکانیش دابەشکردنی زەوییە و لەو بارەیەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: بڕیارماندا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەست بکات بە تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە تاوەکو ئێستا لە حکوومەت سوودمەند نەبوون.
هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەیدا، چەند بڕیارێکی دیکەی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیان ڕاسپاردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە، لەوانەش:
داشکاندن لە پارەی کەڵەکەبووی کارەبا بە ڕێژەی 20%.
داشکاندنی 20% لە سزای کەڵەکەبووی مرور (هاتووچۆ)
داشکاندنی 50% لە ڕسووماتی هێنانی گۆشت
داشکاندنی 20% لە کرێی خوێندنی پارالێل لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان.
لێخۆشبوونی سزا لە دواکەوتنی بەشداریی دەستەبەریی کۆمەڵایەتی.
داشکاندنی ڕسووماتی کەڵەکەبووی ئاو بە ڕێژەی 20%.
داشکاندنی ڕسووماتی شارەوانی بەتایبەت کرێی کرێچییەکانی وەزارەتی شارەوانی بە ڕێژەی 20%.
لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی باج لەلایەن پیشەوەران، کاسبکاران و کەمدەرامەتان.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد: "هیوادارم ئەم هەنگاوانە و ئەم بڕیارانە بتوانن تا حەددێک یارمەتی خەڵکی کوردستان بدەن. من جارێکی دیکە سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژیی ئەوان دەکەم و هیوادارم ئێمە بتوانین پێکەوە ئەم قۆناغە تێپەڕینین و ئەمە ببێتە دەستپێکێک بۆ کۆتاییهێنان بە ئابڵووقەی ئابووری کە کەوتووەتە سەر هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان و پێ بنێینە قۆناغێکی نوێتر".
هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هیواشی خواست، بتوانین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بگەنە ئەنجامی باش بۆ چارەی هەموو ئەو گرفتانەی کە لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ماون.