نۆ ملیار دینار لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بزر بووە

ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە
ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە

K24 - هەولێر

ڕووداوێکی هاوشێوەی دزیی سەدە لە پارێزگای دیالە ڕوویدا، کاتێک بڕی نۆ ملیار دیناری تایبەت بە قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی تیرۆر لە ئەنجوومەنی پارێزگاکە بزر بوو؛ سێ فەرمانبەریش کە تۆمەتبارن بە بردنی پارەکە خۆیان شاردووەتەوە.

ڕووداوێکی دیکەی هاوشێوەی دزی سەدە لە پارێزگای دیالە ڕوویدا. نزیکەی نۆ ملیار دینار لە ئەنجوومەنی پارێزگاکە بزر بووە و ژمارەیەک تۆمەتباریش خۆیان شاردووەتەوە.

بەگوێرەی زانیاریی دەزگا ئەمنییەکانی عێراق، دزینی نۆ ملیار دینار لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لەسەر شێوازی دزیی سەدە بووە، چونکە هەروەک دزیی سەدە، پارەکە بەشێوەی چەک خەرجک راوە و کۆتای چەکی بە بەهای سێ ملیار دینار بووە. ئەو کەسانەشی تۆمەتبارن بە دزینی پارەکە سێ فەرمانبەرن و ئێستە خۆیان شاردووەتەوە.

لەوبارەیەوە ڕەعد دەهلەکی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە دزییەکەی دیالە دەکەن و تا دەرخستنی هۆ و کەسایەتییەکانی پشت ئەو دزییە لە لێکۆڵینەوە بەردەوام دەبن.

ئەو نۆ ملیار دینارەی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دزراوە هی قەرەبووی قوربانیانی شەڕی تیرۆر بووە. بەرپرسانی پارێزگاکە لیژنەیەکی پێنج کەسییان بۆ بەدواداچوونی دۆسیەکەی پێک هێناوە، لەو باوەڕەدان ئەو کەسانەی پارەکەیان دزیوە تەنها ئەو سێ فەرمانبەرە نین، بەڵکو گرووپێکی دەسەڵاتداریان لە پشتە و پەنایان دەدەن. لیژنەکە تا ئیستا دوو کەسیان بەتۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە تۆمەتبارانەوە دەستگیرکردووە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.

دیارنەمانی پارە بە گوژمەی زەبەلاح خەریکە وەک دیاردەی لێ دێت لە عێراق، ئەم دۆسیەی دزی لە دیالە بیرەخەرەوەی دزییە گەورەکەیە کە لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2022دا دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار لە پارەی گومرگی باج لە بانکەکانی بەغدا دزران، تا ئێستا توانراوە نزیکەی 400 ملیار دینار لەو پارەیەوە بگەڕێندرێتەوە.