سامان سۆرانی: سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا ڕەنگدانەوەی هەبوو

K24 – هەولێر
پسپۆڕێکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند، سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا ڕەنگدانەوەیەکی گرنگی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەش هەبووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ـی نیسانی 2024، د. سامان سۆرانی، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە میانی گەشتێکی ژووری هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، هەوڵەکانی مەسرور بارزانی، بۆ ئەوەی حوکمڕانییەکی باش لە هەرێمی کوردستان پەیڕەو بکرێت، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دامەزراندنی کابینەکەی، یەکێک لە ئەرکەکانی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ جیهانی دەرەوە، لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا هەبێت.
بەگوتەی ئەو، "مەسرور بارزانی پێش ماوەیەک بە سەردانێکی گرنگ گەیشتە ئەمەریکا، لە میانی ئەو سەردانەدا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ کۆنگرێسمان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا کرد. ئەو سەردانە بووە هۆی ئەوەی ڕەنگدانەوەیەکی گرنگی هەبێت لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەوە، بەو مەبەستەی کە ئەو پەیوەندییانە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا بەهێزتر بکرێت."
سامان سۆرانی گوتیشی: "لەلایەن حکوومەتی بەغداوە مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان بڕدرابوو، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیشی نەدەنارد، ئەمەش وایکردبوو لەناو هەرێمی کوردستاندا جۆرێک لە ناسەقامگیری و ناڕوونی بۆ ئایندە دروست ببێت، بۆ ئەمەش بە هەوڵ کۆششی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری کرد بۆ ئەوەی دووبارە ئەو شایستە داراییانە بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان."
ڕۆژی چوارشەممە (27ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بڕیارمان دا بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو و وەزارەتی داراییم ڕاسپاردووە، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو بکەن و ئامادەکاریش بکەن بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی سێ و مانگەکانی داهاتووش.
هەروەها سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی دیکەی لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریان لەبارەیەوە دراوە بۆ دۆخی ناهەمواری ئابووریی سەر شانی خەڵکی هەرێمی کوردستان سووک بکات؛ یەکێک لە بڕیارەکانیش دابەشکردنی زەوییە و لەو بارەیەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: بڕیارماندا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەست بکات بە تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە تاوەکو ئێستا لە حکوومەت سوودمەند نەبوون.
هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەیدا، چەند بڕیارێکی دیکەی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیان ڕاسپاردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە، لەوانەش:
داشکاندن لە پارەی کەڵەکەبووی کارەبا بە ڕێژەی 20%.
داشکاندنی 20% لە سزای کەڵەکەبووی مرور (هاتووچۆ)
داشکاندنی 50% لە ڕسووماتی هێنانی گۆشت
داشکاندنی 20% لە کرێی خوێندنی پارالێل لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان.
لێخۆشبوونی سزا لە دواکەوتنی بەشداریی دەستەبەریی کۆمەڵایەتی.
داشکاندنی ڕسووماتی کەڵەکەبووی ئاو بە ڕێژەی 20%.
داشکاندنی ڕسووماتی شارەوانی بەتایبەت کرێی کرێچییەکانی وەزارەتی شارەوانی بە ڕێژەی 20%.
لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی باج لەلایەن پیشەوەران، کاسبکاران و کەمدەرامەتان.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد: "هیوادارم ئەم هەنگاوانە و ئەم بڕیارانە بتوانن تا حەددێک یارمەتی خەڵکی کوردستان بدەن. من جارێکی دیکە سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژیی ئەوان دەکەم و هیوادارم ئێمە بتوانین پێکەوە ئەم قۆناغە تێپەڕینین و ئەمە ببێتە دەستپێکێک بۆ کۆتاییهێنان بە ئابڵووقەی ئابووری کە کەوتووەتە سەر هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان و پێ بنێینە قۆناغێکی نوێتر".
هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هیواشی خواست، بتوانین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بگەنە ئەنجامی باش بۆ چارەی هەموو ئەو گرفتانەی کە لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ماون.