دووەم خنکاوی لافاوەکەی دهۆک دۆزرایەوە

دیمەنێکی لافاوەکەی دهۆک
دیمەنێکی لافاوەکەی دهۆک

K24 - هەولێر

تەرمی دووەم خنکاوی لافاوەکەی چەند رۆژی رابردووی دهۆک لە گەڕەکی شندۆخای شاری دهۆک دۆزرایەوە. 

بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، تیمەکانیان توانیویان بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 07-04-2024، تەرمی دووەم خنکاوی لافاوەکەی دهۆک لە گەڕەکی شندۆخا بدۆزنەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە، 28-03-2024، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی دهۆک بە هاوکاری نزیکەی 600 هاووڵاتیی دهۆک و دەوروبەری توانییان تەرمی یەکێک لەو هاووڵاتییانەی دوو هەفتەی رابردوو، لافاو بردنی، لە بەنداوی مووسڵ بدۆزنەوە.

ڕۆژی سێشەممە، 19-03-2024، لە ئەنجامی بارانێکی بەخوڕ، لافاو لە چەند گەڕەکێکی شاری دهۆک هەڵسا. کاریگەریی لافاوەکە زیاتر لەسەر گەڕەکەکانی هشکەڕوو، نەزارکێ و بەڕووشکێ بوو. هەمان رۆژ، لافاو دوو هاووڵاتی لەگەڵ خۆی برد و کەسێکی دیکەش بە هۆی تەزووی کارەباوە گیانی. لەدەستدا. هەروەها زیاتر لە هەزار خانوو و ئۆتۆمبێل زیانیان پێگەیشت.

لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی و دوای کەمتر لە 48 کاتژمێر بەسەر هەڵسانی لافاوەکە، لە قۆناغی یەکەمدا و لە رێوڕەسمێکدا؛ کلیلی 117 یەکەی نیشتەجێبوون (شوقە) بە خاوەنی 117 خاوەنخانووی ئەو گەڕەکانی دهۆک درا کە بەهۆی لافاوەکەوە زیانی زۆر بە خانووەکانیان گەیشتبوو و جێگەی مانەوەیان نەمابوو. پڕۆسەکە بەردەوامە و بڕیارە قۆناغ بە قۆناغ تا پێش جەژنی رەمەزان، قەرەبووی هەموو زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک بکرێتەوە.

لەبارەی ئەوەی حکومەتی عێراقیش هیچ هاوکارییەکی زیانلێکەوتووانی کردووە یان نا، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رەتیکردەوە حکوومەتی عێراق "یەک دیناریشی پێشکەشی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک و دەوروبەری کردبێت" و، گوتی: "تەنانەت سەرەخۆشییان لە ئێمە نەکردووە".

Fly Erbil Advertisment