پارتی و یونامی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە

K24 – هەولێر:
شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و شاندێکی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی سەرنج و تێبینییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە.
ڕۆژی یەکشەمە (7ـی نیسانی 2024) هەریەکە لە هێمن هەورامی و ئامینە زیکری، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی و جەعفەر ئیمینکی و ئەندامانی بەشی هەڵبژاردنی مەکتەبی سیاسی، لەگەڵ شاندێکی یونامی بە سەرۆکایەتی کۆلدیا کۆردۆن جێگری جینین پلاسخارت بۆ کاروباری سیاسی و هەڵبژاردنەکان و ئەندامێتی پسپۆرانی یونامی بۆ کاروباری هەڵبژاردن، کۆبوونەوە.
هێمن هەورامی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاندووە: کۆبوونەوەکە لەسەر پێشنیازی جینین پلاسخارت، نێردەی تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بوو لە دوایین سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە تێیدا داوای کرد شاندێکی پسپۆر و تەکنیکیی یونامی بێنە هەولێر و لەگەڵ شاندێکی پارتی لەسەر راو و سەرنج و تێبینی و بۆچوونەکانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان گفتوگۆ بکەن.
لە دانیشتنەکەدا، شاندی یونامی جەختیان لەگرنگی و بایەخی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی جێ متمانەی هەمووان و بەشداری هەمووان کردەوە و رایانگەیاند بە پەرۆشن بۆ ئاگاداربوون لە وردەکاری سەرنج و تێبینی و بۆچوونەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان .
هێمن هەورامی نووسیویەتی: "وەک شاندی پارتی بۆمان روونکردنەوە کە یونامی شاهێدی ئەوەیە دوو ساڵ بوو پارتی داوای هەڵبژاردنی دەکرد و پابەند بوو بە ئەنجامدانی و چوار جار سەرۆکی هەرێم مەڕسوومی دەرکرد و هەندێ لایەنی دیکە چۆن رێگر بوون و چۆن نەیاندەهێشت دانیشتنەکانی پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردنی رەشنووسی هەمواری یاسای هەڵبژاردن بێت و چۆن هەر لە سەرەتاوە دژی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بوون".
هێمن هەورامی جەختی لە هەڵوێستی پارتی کردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە: "بۆمان روونکردنەوە کە ئێستاش پارتی ئامادەی هەڵبژاردنە بە مەرجێک دوور بێت لە دیزاینی پێشوەختە و دەبێت یونامی لەسەر خەت بێت بۆ چارەسەری کێشە تەکنیکییەکان و زامنکردنی پاکی و بێگەردی کۆی پرۆسەکە و بە دوور بێت لەو ئامادەکارییە پێشوەختەی هەندێ لایەنی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ دیزاینی کورسییەکانی پارتی و ئیرادەی دەنگدەران بەرنامە رێژییان بۆ کردووە".
ڕۆژی چوارشەممە (3ـی نیسانی 2024) لە سەڵاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق كرد وپلاسخارت پێشنیازیشی كرد بۆ بابەتی هەڵبژاردنەكانی هەرێم، تیمێكی نەتەوەیەكگرتووەكان هاوكار بن بۆ چارەكردنی ئەو كێشە تەكنیكییانەی كە پارتی تێبینیی لەسەریان هەیە و ئاماژەشی بەوە دا كە ئاگاداری ئەوەیە كە دوو ساڵە پارتی ئامادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە لە كاتی خۆیدا و ئێستاش لە نیگەرانییەكانی پارتی لەمەڕ هەڵبژاردن تێ دەگەن و جەختیشی لە پێویستیی بەشداریی پارتی لە هەڵبژاردن كردەوە و ڕاشیگەیاند كە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە بێ پارتی پڕۆسەیەكی زەحمەت دەبێت.
ڕۆژی (18ـی ئاداری 2024) مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە: "بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بریاری نادەستووری و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت".
ئەو هەڵوێستەی پارتی دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق هات لە رۆژی (21ـی شوباتی 2024) کە دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا، بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسی کۆتاکان کە 11 کورسین هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێنەوە.
لە کاردانەوەی ئەو بڕیارانەش، سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەردوو پێکهاتەی کریستیان و تورکمان (جگە لە بەرەی تورکمانی)، بڕیاریاندە بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن.