شاخەوان عەبدوڵڵا: سوودانی بەڵێنی داوە بۆ مانگەکانی داهاتوو کێشەی مووچە دروست نەبێت

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، رایدەگەیەنێت، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گەورەی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بینیوە، هاوکات سوودانی بەڵێنی بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوە کێشە بۆ مووچە مانگەکانی داهاتووش دروست نەبێت. لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: لایەنە سیاسییەکانی عێراق تێبینییەکانی پارتی لەسەر پرسەکە بە هەند وەرگرت.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، کۆبوونەوەی دوێنی هاوپەیامنی ئیدارەی دەوڵەت کۆمەڵێک پرسی گرنگ تاوتوێ کرا، دیارترینیان سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریکا و هاتنی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراقە لە مانگی چواردا، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبوو پێشوازییەکی گەرمی لەلایەن سەرۆکی هێزە سیاسییەکانەوە لێ کرا.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، هەر لە میانەی کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بە دورودرێژی باسی شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان کرا، هەروەها هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

شاخەوان عەبدوڵڵا، دەڵێت: لە کۆبوونەوەکەدا باسی دۆسیەی ئەمنیش کرا لەو بارەیەوە نێچیرڤان بارزانی رای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو دۆسیەکە راگەیاند و گوتی: "تا ئێستا هەرێمی کوردستان داعش بە مەترسی دەزانێت، لەگەڵ ئەوەیە پەیوەندییەکی تەندروستیان لەگەڵ ئەمەریکا و هاوپەیمانان هەبێت".

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، راشیگەیاند، تەوەرێکی دیکە کۆبوونەوەکە باسی بابەتی ئەو بانکانە کرا کە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکاوە خراونەتە لیستی رەشەوە، هەروەها شاندێکی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان یاوەری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبێت لە سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا.

لەبارەی شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستانەوە، شاخەوان عەبدوڵڵا، گوتی: سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سوپاسەوە باسی لەوەکرد کە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردسان لەسەر کێشەی مووچە گەیشتوونەتە رێککەوتن.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە چارەسەرکردنی کیشەکانی هەولێر و بەغدا، هەروەها جەنابیان پێداگر بوو لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

شاخەوان عەبدوڵڵا، باسی لەوەشکرد، هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە تایبەت لە دوایین سەردانی بۆ ئەمەریکا جێگەی خۆی گرت و پەیامەکەی زۆر بە روونی گەیاندە بەرپرسانی ئەمەریکا، پەیامەکە کە تایبەت بوو بە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا و کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کورستان، بە روونی بەرپرسانی ئەمەریکا لەگەڵ حکومەتی عێراق تاوتوێی پرسەکەیان کرد و گوتیان دەبێت ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: سوودانی بەڵینی داوە بۆ مانگەکانی داهاتووش کێشەی مووچە دروست نەبێت، هاوکات هیچ هێزێکی سیاسی دژایەتی خۆیان بۆ رێککەوتنەکەی نێوان حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەرنەبڕی و بەڵکو پاڵپشتی ئەو رێککەوتنەیان کرد.

لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، شاخەوان عەبدوڵڵا، روونیکردەوە، لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێبینییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتە لای هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق، هەروەها بەشێکی زۆری ئەو هێزە سیاسییانە مافیان بە پارتی دا کە تێبینییەکانی لە جێی خۆیەتی.

ناوبراو سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، تێبینییەکانی پارتی، هەم لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان، هەم لایەنی هەرێمیی و نێودەوڵەتیش بە هەند وەرگیراوە، ئێستا ئەوان لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکەن، پارتی بە هێچ شێوەیەک دژایەتی هەڵبژاردن ناکات، بەڵکو پارتی تاکە هیز بووە کە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بووە، بەڵام پارتی دەیەوێت بە شەفافی بەڕیوەبچێت و پێشوەختە دیزاین نەکرابێت.

Fly Erbil Advertisment