تاوەکو ئێستا لە بازگاکانی کەرکووک و ناوەڕاست و خوارووی عێراق پارە لە بارهەڵگرەکان وەردەگیرێت
K24 – کەرکووک:
ماوەی چەندین ساڵە ئەو كەلوپەلانەی کە لەشارەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەبرێنە کەرکووک و شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەبێ هیچ بڕیارێکی یاسایی، گومرگ دەکرێن و پارەی کرێکار و پشکنینی ئۆتۆمبێلیش لە شۆفێران وەردەگیرێت.
شۆفێرێك کە لەو ڕێگەیەوە هاتووچۆ دەکات لەبازگەی کەڵهوور، قسەی بۆ کوردستان24 کردووە و دەڵێت، لە هەولێرەوە تا دەگەمە بەغدا لە 10 بازگە دەبێت پارە بدەم، کەسیش نازانێ بۆ کوێ دەروا.
بەگوێرەی بڕیارێکی پێشتری حکوومەتی عێراق ماوەی چەند ساڵە بڕیاردراوە گومرگ لەنێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق هەڵبگیرێت، بەڵام ئەم بڕیارە تاوەکو ئێستا کاری پێناکرێت و لەژێر ناوی جۆراوجۆر پارە لە شۆفێران وەردەگیرێت.
پەیامنێری کوردستان24 بەدواداچوونی بۆ پرسە کردووە و ئاماژەی بەوەکردووە: بەگوێرەی قەبارەی ئۆتۆمبێلەکە و ئەو شتومەکەی باریکردووە، پارە لە شۆفێری بارهەڵگرەکان وەردەگیرێت، شۆفێرێك کە لەو ڕێگەیەوە هاتووچۆ دەکات لەبازگەی کەڵهوور، قسەی بۆ کوردستان24 کردووە و دەڵێت، لە هەولێرەوە تا دەگەمە بەغدا لە 10 بازگە دەبێت پارە بدەم، کەسیش نازانێ بۆ کوێ دەروا.
جگە لەوەرگرتنی پارە، شۆفێرانی بارهەڵگر لە بازگەکانی کەرکووک چەندین کاتژمێر دەمێننەوە تاوەکو سۆنەری ئۆتۆمبێلەکانیان بۆ دەکرێت. لەلایەن خۆیەوە، هاووڵاتییەک بەناوی عەبدوڵڵا محەممەد، کە کاروکەسابەتی رۆژانەی لەو ڕێگەیەیە دەڵێت: "تەواو شەکەت و ماندووبووینە، رۆژانە چەندین کاتژمێر لێرە دەمێنینەوە و بە زەحمەت نەجاتمان دەبێت".
پاراستنی ئەمنیەتی ئەو گومرگانە دراوە بە سوپای عێراق و پۆلیسی خۆجیی کەرکووک لە بازگەکان نابینرێت، لەوبارەیەوە، پۆلیسی کەرکووک دەڵێت بەهۆی ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی عیراق لێدوانی رۆژنەمەوانییان لێ قەدەغەکردوون، بۆیە نەیانتوانی لەسەر ئەم بابەتە هیچ قسەیەک بکەن.