پارێزگاری هەولێر: لێکۆڵینەوە لەبارەی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی لەنگە دەستیپێکردووە

K24 - هەولێر

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، هیوادارین هیچ کاتێکی دیکە مووچە نەبێتە هەواڵ، هەروەها خەڵک بەشێوەیەکی ئاسایی ئەو مافەی خۆی وەربگرێت، هەروەها لێکۆڵینەوەکان لەبارەی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی لەنگە دەستیپێکردووە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هیوادارین هیچ کاتێکی دیکە مووچە نەبێتە هەواڵ، هەروەها خەڵک بەشێوەیەکی ئاسایی ئەو مافەی خۆی وەربگرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، دادگای فیدراڵی لەمێژە بڕیاری دەربارەی مووچە داوە، ئەوان نەوتی ئێمەیان ڕاگرت، کۆمەڵێک بڕیاری خراپیان دا، بەڵام ئومێد دەکەین ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی ئەنجامەکانی جێبەجێ بکرێت و پاشگەز بوونەوەی تێدا نەبێت.

پارێزگاری هەولێر گوتیشی: دادگای فیدراڵی و حکوومەتی عێراق خێر بەخەڵکی کوردستان ناکەن، بۆیە ئەوەی لەگەڵمان دەکرێت ستەمە، کە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەکو فەرمانبەرانی شارەکانی دیکە نەبێت، بۆیە هیوادارین چیدیکە ئەو ستەمە لە هەرێمی کوردستان نەکرێت، هەروەها گەشەسەندن و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان، گەشەسەندن و پێشکەوتنەکانی عێراقیشە. چونکە سەقامگیری عێراق زیاتر دەکات نەک بە پێچەوانەوە.

دەشڵێت: لێکۆڵینەوەکان لەبارەی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی لەنگە دەستیپێکردووە، تاوەکو ئێستا بەدیاریکراوی 41 دووکان سووتاوە، گوتیشی، بابەتی بنەڕەتییەکانی ئەو ڕووداوانە ئیهمالی و سەرپێچییەکانی خەڵکە. بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ دیار نییە دەستی ئەنقەستە یان هۆکاری کارەبایە.

 

Fly Erbil Advertisment