عەدنان موفتی: بەشێک لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لە سنوور دەرچوون و ڕەهەندی سیاسییان هەیە
عەدنان موفتی: جێگەی پرسیارە کورسیی پێکهاتەکان بۆ لە عێراق ماوە و لە کوردستان لادرا

K24 - هەولێر
عەدنان موفتی، سەرۆکی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێ: بەشێک لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق زیاد لە سنوور دەرچوون و ڕەهەندی سیاسییان هەیە، بەشێکی دیکەشی ئەرکی پەرلەمانە، بەڵام دادگاکە خۆی کردووەتەوە خاوەنی.
عەدنان موفتی لە چاوپێکەوتنێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، ئەگەرچی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتایین، بەڵام دەستوور لە سەرووی هەموو یاساکانەوەیە، لە دەستووردا پارێزراویی قەوارەی هەرێمی کوردستان و یاساکانی جێگیر کراوە.
نموونە بەوە دەهێنێتەوە، کورسیی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە یاسا ڕێکخراوە و یەکێتی و پارتیش دەنگیان پێی داوە، هەر بۆیە بڕیاری دادگای فیدراڵی بە لابردنی کورسیی پێکهاتەکان بڕیارێکی سیاسیی و پێشێلکردنی یاسای هەرێمی کوردستانە. دەشڵێت: پرسیار لەوەدایە کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشایەوە، کەچی کورسیی پێکهاتەکان لە بەغدا و لە مووسڵ هەڵنەوەشایەوە، بۆیە لەمەوە تێدەگەین بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی ڕەهەندی سیاسییان هەیە.
عەدنان موفتی یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستی هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە مامەڵە لەگەڵ عێراق و وڵاتانی دراوسێ بە گرنگ دەزانێت و دەڵێ: لە هەموو ئەو ساڵانەی گوتاری هاوبەشمان هەبووە، هەرێمی کوردستان باش بەڕێوە چووە و خەڵکیش ڕازی بووە، جیا لەمانەش دەستکەوتی گەورەش بۆ خەڵکی کوردستان بە دەست هاتوون، لە پێش هەمووشیانەوە جێگیرکردنی مافەکان بوو لە دەستوری هەمیشەیی عێراقدا.
دادگای فیدراڵی عێراق لە سەر سکاڵایەکی فراکسیۆنی پێشووی یەکێتیی لە پەرلەمانی کوردستان لە 21-2-2024 بڕیاری لە سەر گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی دەرکرد، هاوکات 11 کورسیی کۆتاکانیشی هەڵوەشاندەوە و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم کردەوە، بەمەش پێکهاتەکان بژاردەی بایکۆتکردنی پرۆسەکەیان هەڵبژارد. لەلایەن خۆیەوە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک پشتیوانیی لە مافی پێکهاتەکان بڕیاری بایکۆتی هەڵبژاردنی دا لە کاتێکدا بڕیارە لە 10-6-2024 بکرێت.
هەروەها کۆتایی مانگی داهاتوو 30-5-2023 ساڵێک بە سەر بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق تێدەپەڕێت کە تێیدا درێژکرنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی بە نادەستوریی دانا.