ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی: 38 كۆچبه‌ر له‌ کەناراوەکانی جیبۆتی خنكان

43
43

K24 - هەولێر:

ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ئاماژه‌ به‌ دۆزینه‌وه‌ی نزیكه‌ی 40 ته‌رم له‌ کەناراوەکانی جیبۆتی ده‌كات؛ ده‌شڵێت، هه‌ندێك له‌ ته‌رمه‌كان منداڵن.

ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 9ـی نیسانی 2024) ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی 38 كه‌سی له‌ کەناراوەکانی جیبۆتی ڕاگه‌یاند، كه‌ هه‌ندێكیان منداڵن.

ڕێكخراوه‌كه‌ باس له‌وه‌یش ده‌كات، هێشتا ته‌رمی هه‌ندێك له‌ خنكاوه‌كان نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌ و گه‌ڕان بۆ دۆزینه‌وه‌یان به‌رده‌وامه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ باڵیۆزخانەی ئەسیوپیا لە جیبۆتی، پشتڕاستی کردووه‌ته‌وه‌ بەلەمێک کە 60 کۆچبەری ئەسیوپی لە جیبۆتییەوە بەرەو یەمەن هەڵگرتبوو، ئێواره‌ی ڕۆژی دووشەممە تووشی ڕووداوێک بووە و به‌هۆیه‌وه‌ 38 له‌ سه‌رنشینه‌كانی خنكاون و 22ـی دیكه‌یش ڕزگاریان بووه‌.

باڵیۆزخانەکە لە ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ڕایگەیاندووە، ڕووداوەکە لە نزیک کەناراوەکانی گۆدۆریا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی جیبۆتی ڕووی داوە.

سەدان هەزار کۆچبەری ئەفریقی به‌ نایاسایی  به‌ دەریای سوور و یەمەندا تێ ده‌په‌ڕن بۆ ئەوەی بگەنە سعوودیە، بەو هیوایەی له‌و وڵاته‌ هه‌لی كار به‌ده‌ستبهێنن و خێزانەکانیان لە هەژارییەکی سه‌خت ڕزگار بكه‌ن.

باڵیۆزخانەی ئەسیوپیا ڕایگەیاندووە، ساڵانە زیاتر لە 200 هەزار کۆچبەر لە کەناراوەکانی جیبۆتی، کەنداوی عەدەن بەجێ دەهێڵن بۆ ئەوەی لە ڕێگەی وشکانی و زەریاییەوە بگه‌نه‌ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا، ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ پاسەوانانی سنووری سعوودیەی تۆمەتبار کرد بە کوشتنی "لانی کەم سەدان" ئەسیوپی کە لە نێوان ئاداری 2022 تا حوزەیرانی 2023 هەوڵیان دەداوه‌ بگەنە سعوودیە.