ئومێد خۆشناو: 30 ملم باران لە ماوەیەکی زۆر کەمدا لە هەولێر باریوە

K24 – هەولێر:
پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ لە ماوەیەکی زۆر کەمدا لە شاری هەولێر باریوە و لە چەند ناوچەیەکی هەولێر ئاو کۆبووەتەوە بەڵام هیچ مەترسییەک بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان دروست نەبووە بەهۆی ئامادەباشی و بەدەمەوەچوونی تیمەکان.
ئەمشەو (9ـی نیسانی 2024) ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لە بارانبارینی ئەمشەوی هەولێر هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان نییە، تەنیا لە چەند شوێنێک ئاو چووەتە ناو چەند دوکانێک.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، چەند کەموکوڕییەک هەیە لە شاری هەولێر کە لە کاتی بارانبارینی زۆر لە ماوەیەکی کەمدا، ئاوێکی زۆر پەنگدەخواتەوە و ئاستەنگ بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان دروست دەبێت، بەتایبەتی لە بازاڕی تەیراوە، سەیداوە، نزیک کەمالیاتەکانی سەر شەقامی شەست مەتری و گڵکەند و شەقامی 100 مەتری نزیک فاملی مۆڵ، لە داهاتوویەکی نزیکدا چەند پڕۆژەیەک ئەنجام دەدەن بۆ چارەسەرکردنی یەکجاری ئەو کێشەیە.
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەشکردووە، تیمەکان لە هەموو بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان لە ئامادەباشیدان بۆ بەدەمەوەچوونی هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی مەترسییەکان و گوتیشی: هەر ئەمشەو تیمەکانی شارەوانی دەست بە پاککردنەوەی شەقامە سەرەکییەکان دەکەن کە سبەی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانە.
لەبارەی گیان لەدەستدانی کەسێک لە ناحیەی کۆڕێ، پارێزگاری هەولێر رەتیکردەوە کە ئەو ڕووداوە بەهۆی لافاوەوە بووبێت و ڕایگەیاند، لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک بووە کە ژن و پیاوێکی تێدابووە، دوای رزگارکردنی هەردووکیان لە نەخۆشخانەی شەقڵاوە، پیاوەکە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
لە کاتی بارانبارینەکەش كارزان هادی، سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر تایبه‌ت به كوردستان24 ڕایگه‌یاند، زیاتر له 700 كه‌سی تیمه‌كانی شاره‌وانی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی هه‌ولێر له ئه‌ركدان بۆ ڕێگرتن له ڕوودانی هه‌ر حاڵه‌تێكی نه‌خوازراو به‌هۆی ئه‌و شه‌پۆله بارانه‌ی هه‌ولێر و هه‌رێمی كوردستانی گرتووه‌ته‌وه.
هەروەها به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بوومه‌له‌رزه‌زانی سه‌ر به وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاندووه، ئەمشەو بارانبارینى پچڕپچڕ و هەورە تریشقە تا کاتەکانى بەرەبەیان بەردەوام دەبێت