پۆلیسی هەرێمی کوردستان.. بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەت بۆ داماڵینی چەک تاوانی کەمکردووەتەوە

K24 - هەولێر
گوتەبێژی پۆلیسی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ داماڵینی چەک بووەتە هۆی کەمبوونەوەی تاوانەکان.
ئەمڕۆ چوارسەممە، 10ـی نیسانی 2024، موقەدەم کارزان ئەمیر، گوتەبێژی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تاوانەکانی مانگی ڕەمەزان بەراورد بە مانگەکانی دیکە کەمتر بوو، ڕووداوەکانی وەک دزی یان تەقە کردن یاخود تاوانی کوشتن لەم مانگەدا کەمترین ڕووداو بوون ڕوویان دابێت، بەشێوەیەکی گشتی ئەو جۆرە ڕووداوانە بەرەو کەمبوونەوە چوون لەم مانگەدا.
بەگوتەی ئەو، "هەموو ئەمانە دەگەڕێتەوە بۆ هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان ئێستە چاو کراوەن، هەمووکاتیش لە ئەرکی خۆیاندان، بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەتیش بۆ داماڵینی چەک و دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، بەشێوەیەکی گشتی لە مانگی ڕەمەزان و دوای مانگی ڕەمەزان و لەو کاتەی کە بڕیارەکە دەرچووە کە جێبەجێکراوە دەقاودەق، ئەم بڕیارە کاریگەری تەواوی هەبوو لەسەر کەمبوونەوەی تاوانەکان."
لایەنە پەیوەندیدارەکان بەشیوازێک باس لە کەمبوونەوەی تاوان دەکەن لە مانگی ڕەمەزاندا. مامۆستایانی ئاینیش هیواخوازن هاووڵاتییان هاوشێوەی مانگی ڕەمەزان دوورکەونەوە لە کاری خراپ و تاوان.
بە بڕیارێکی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 21ـی تەمووزی 2022 وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند رێنماییەکانی داماڵینی چەکی بێ مۆڵەتی بڵاوکردەوە و رایدەگەیاند، 12 بنکەی کۆکردنەوەی چەکی جەنگی لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دەکرێنەوە و پێویستە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئەو چەکە جەنگیانە رادەستی بکەن.
وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و ئاسایش 12 لیژنە پێکدەهێنێت بە مەبەستی وەرگرتنەوەی چەکی جەنگی و تەقەمەنییەکان لە بنکەکانی وەرگرتن. هەروەها وەزارەتی ناوخۆ شوێنی بنکەکان دیار دەکات و گشتاندنی پێدەکات.
هەروها تۆمارکردنی چەکی ئاگرین وەک کلاشینکۆف و هاوشێوەکانی کە قەبارەی فیشەکیان 39 تا 7.62ملیم زیاتر نەبێت و چەکی جۆری دەمانچە و تەقەمنییەکانی کە قەبارەی فیشەکی لە 9ملیم زیاتر نەبێت.
وەزارەتی ناوخۆ 40 بنکەی کۆکردنەوەی چەکی ئاگرین لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و بەشی پۆلیس لە قەزاکان دەکاتەوە بە مەبەستی تۆمارکردنی ئەو چەکانەی دیارکراون.