سیپان عەزیز: لە سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمەریکا گەشبینین

سیپان عەزیز، پەرلەمانتاری پارتی
سیپان عەزیز، پەرلەمانتاری پارتی

K24 - هەولێر

سیپان عەزیز پەرلەمانتاری عێراق دەڵێ: دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی هەولێر و بەغدا لە گرنگترین ئەو دۆسیانەن ئەمریکا لەگەڵ سوودانی باسیان دەکات. ئاماژەیدا، ئەمەریکا بۆ پاراستنی سیستەمی فیدراڵی لە عێراق دەستوەردان دەکات و رێگەنادات فیدراڵییەت لە عێراق شکستبهێنێت.

سیپان عەزیز گوتیشی: زۆر کەس بڕوایانوایە سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمەریکا سەردانێکی یەکلاکەرەوەیە، بەڵام پێشتر سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی لە سەردانەکەی بۆ واشنتن هەموو ئەو پێشێلکارییانەی بەرانبەر بە سیستمی فیدراڵیی و مافە دەستوورییەکانی کوردستان کراوە لەگەڵ ئەو فشارە دارایی، سیاسیی و سەربازییانەی دژ بە هەرێمی کوردستان کراون بە تەواوی ڕەهەندەکانییەوە بە ئەمەریکای گەیاندووە، هەربۆیە بە دڵنیاییەوە سەردانەکەی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی کاریگەریی و کاردانەوەی بە سەر سەردانەکەی سوودانییەوە دەبێت، بە تایبەت کە دۆسیەی نەوتی هەرێم یەکێکە لە گرنگترین دۆسییەکانی لە ئەمریکا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بۆیە پێشبینی دەکەین ئەمەریکا پێداگریی بکات و فشار بخاتە سەر عێراق تاوەکوو بەرەو فیدراڵییەتی ڕاستەقینە بچێت، کە عێراقی نوێی لە سەر دامەزراوە.

هەروەها ئاماژەیداوە، دەبوایە یاسای نەوت و غاز لە ساڵی 2017 لە پەرلەمانی عێراق دەچوو بوایە، کەچی تا وەکوو ئیستا دەرنەچووە، جیا لەوەی یاساکە دەرنەچووە، بەشێک لەلایەنەکان ترسیا لەوەی بەم دۆخەی لە عێراق هەیە، ئەگەر یاسای نەوت و غاز بە بەرژەوەندیی ناوەندگەرایی دەربکرێت نەک ئاراستە فیدراڵییەکە.

سیپان عەزیز ڕاشیگەیاند، لە عێراقی نوێدا کەم سەرۆکوەزیران هەبووە، هێندەی سوودانی بە دەم چارەی کێشەکانەوە بێت، بەڵام بە داخەوە هەندێک لایەنی سیاسیی هەن، کە لە پێکهێنانی حکوومەتیش بەشدارن، کەچی کاریگەریی نەرێنیان هەیە و پێچەوانەی دیدگاو خواستەکانی محەممەد شییاع سوودانی سەرۆکوەزیران کار دەکەن. بەڵام ئەمەریکا قوربانییەکی زۆریداوە تا بەم قۆناغە گەیشتووە، تاکە دەستکەوتی ئەمەریکاش لە عێراق چەسپاندنی سیستەمی فیدراڵی بووە، بۆیە خۆی بە خاوەن و پارێزەری ئەم سیستەمە دەزانێت، بۆیە شکستهێنانی سیستەمی فیدراڵی لە عێراق، وەک ئەوەیە ئەمەریکا هیچی نەکردبێت، لێرەوە گرنگە لایەنە کوردستانییەکانیش لە ئاست یاسا و مافە چارەنووسسازکاندا یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بین و دەستووریش بنەمای یەکلایی کردنەوەی پرس و مافەکانمان بێت.

سیپان غەزیز گوتی: ئەو لایەنانەی دژایەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، بە بڕوای من لایەنێک نین بتوانرێت بە گفتوگۆ و دانووستاندن کێشەکانیان لەگەڵ چارەسەر بکرێت، چونکە نیازێکیان نییە بۆ چارەکردنی گرفتەکان، بەڵام مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران هەرێمی کوردستان و محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق توانرا بە گفتوگۆ توانیان گرفتەکە بە چارەسەر بگەن، بۆیە لێرەدا دەستیوەردانی ئەمەریکا رۆڵێکی گرنگی دەبێت، چونکە ئابووری و ئاسایشی عێراق بە ئەمەریکاوە بەستراوەتەوە و بەمەش هەژموونێکی زیاتری بە سەر عێراقدا دەشکێت بەراورد بە وڵاتانی دیکە، بۆیە هەڵوێستی ئەمەریکا یەکلاییکەرەوەیە بەراورد بەو هەژموونە هەرێمییە لەسەر عێراق هەیە.

ڕاشیگەیاند، لە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە ترسێک لەلایەن هەندێک کوتلە دژ بەرەکانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بەلاڕیدا ببرێت، بۆیە ئەگەر لە ئەمەریکا قسەی لە سەر بکرێت ئەوا کارێکی باش دەبێت، هیچ لایەنێک بوێری ئەوەی نابێت جارێکی دیکە زووڵم لە کوردستان بکاتەوە.

Fly Erbil Advertisment