ئومێد خۆشناو: گەشتیارێکی زۆر دێنە هەولێر

لێدوانی رۆژنامەوانی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر (وێنە: کوردستان24)
لێدوانی رۆژنامەوانی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر (وێنە: کوردستان24)

K24 - هەولێر

پارێزگاری هەولێر دەڵێت، پێشبینی دەکرێت لە رۆژانی جەژندا ژمارەیەکی زۆری گەشتیار لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق سەردانی شاری هەولێر بکەن. ئاماژە بەوەش دەدات، لە بازگەکان مامەڵەیەکی زۆر باش لەگەڵ گەشتیاران دەکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11-04-2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لە رۆژانی جەژن و پشووەکان؛ ژمارەیەکی زۆری گەشتیاران ڕوو لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت هەولێر دەکەن بۆ پشوو وەرگرتن و بەسەربردنی کاتێکی خۆش لەگەڵ کەسوکاریان. ئەمساڵیش پێشبینی دەکرێت، ژمارەیەکی زۆری گەشتیار لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق سەردانی شاری هەولێر بکەن."

پارێزگاری هەولێر گەشتیارانی دڵنیاکردەوە، "هەرچی ئاسانکارییە" پێشکەشیان دەکرێت و بە باشترین شێواز پێشوازییان لێ دەکرێت. گوتیشی، "ساڵانی رابردوو گرفتی زۆرمان لە بازگەکان هەبوو، خەڵکێکی زۆر گلەیی لە بازگەکان هەبوو، بەڵام ئێستا کێشەکە چارەسەر کراوە، مامەڵەیەکی زۆرباش لەگەڵ گەشتیاران دەکرێت، هەموو ئاسانکارییەکیان پێشکەش دەکرێت و بوونەتە جێگەی ڕەزامەندی هەمووان. ئەمەش جێگەی دەستخۆشییە".

بە گوتەی ئومێد خۆشناو، بە گوێرەی ئەو ئامارانەی لە بازگەکانی سنووری پارێزگای هەولێر وەرگیراون، تەنها دوێنێ چوارشەممە، 10-04-2024، واتا لە یەکەم رۆژی جەژنی "ڕەمەزانی پیرۆز" زیاتر لە 14 هەزار گەشتیار ڕوویان لە هەولێر کردووە و تاوەکو دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممەش، 11-04-2024، زیاتر لە شەش هەزار و 500 کەس هاتوون و پێشبینیش دەکرێت رێژەکە لە چەند کاتژمێر و رۆژانی داهاتوودا بەرزببێتەوە.

رۆژی چوارشەممە، 10-04-2024، یەکەم رۆژی جەژنی "ڕەمەزانی پیرۆز" بوو لە هەرێمی کوردستان و زۆرینەی وڵاتە موسوڵمانەکانی جیهان. ساڵانە لە رۆژانی هەردوو جەژنی رەمەزان و حاجییان، سەدان هەزار گەشتیار لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق و وڵاتانی دراوسێییەوە روو لە شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن. کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بەردەوام کاری لەسەر پێشخستنی کەرتی گەشتیاری کردووە و وەبەرهێنانی تێدا کردووە.

 

Fly Erbil Advertisment