بۆ بەسەربردنی جەژنی ڕەمەزان گەشتیارێکی زۆر ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە

ژمارەیەک گەشتیار لە شەقڵاوە - وێنە: کوردستان24
ژمارەیەک گەشتیار لە شەقڵاوە - وێنە: کوردستان24

K24 – هەولێر:

بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە، گەشتیارێکی زۆر ڕوویان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاند: زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار گەشتیار لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.

بەگوێرەی بەداداچوونی پەیامنێرانی کوردستان24 لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و بازگەکاندا، گەشتیارێکی زۆر ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش لە ناوچە گەشتیارییەکان و لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە ئاسانکاری و ئامادەکاری تەواو بۆ پێشوازی لە گەشتیاران و پاراستنی ئاسایش و ئەمنییەتی گەشتیاران و ناوچە گەشتیارییەکان کراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە (11ـی نیسانی 2024) ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بە گوێرەی ئەو ئامارانەی لە بازگەکانی سنووری پارێزگای هەولێر وەرگیراون، تەنها دوێنێ چوارشەممە، واتا لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، زیاتر لە 14 هەزار گەشتیار ڕوویان لە هەولێر کردووە و تاوەکو دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممەش، زیاتر لە شەش هەزار و 500 کەس هاتوون و پێشبینیش دەکرێت رێژەکە لە چەند کاتژمێر و رۆژانی داهاتوودا بەرزببێتەوە.

ڕۆژی (10ـی نیسانی 2024) خەیری عەلی، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاریی دھۆك، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، زیاتر لە سێ ھەزار گەشتیار بۆ ڕۆژانی جەژن لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق هاتوونەتە پارێزگای دهۆک و زۆربەی گەشتیاران روو لە ناوچە گەشتیارییەكانی ئامێدی دەكەن.

پێشتریش ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕێژەی هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان زیادی کردووە تەنیا لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو گەشتیار ڕوویان لەناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەشکرد: هەرێمی کوردستان جگە لە هاوینەواری گەشتیاری بۆ وەرزی بەهار و هاوین، لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان، تایبەتمەندیی گەشتیاری زستانەی هەیە و ساڵانە، لە وەرزی زستاندا بە سەدان هەزار گەشتیار بەمەبەستی چێژ وەرگرتن لە دیمەنەکانی زستان لە بەشەکانی دیکەی عێراقەوە بەتایبەت دێنە هەرێمی کوردستان.

ڕۆژی پێنجشەممە (11ـی نیسانی 2024) سیروان تۆفیق، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە ساڵی 2022 ژمارەی گەشتیاران لە هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن کەس بووە، هەروەها ساڵی 2023 بووەتە زیاتر لە شەش ملیۆن گەشتیار، ئەمساڵیش بەنیازین بگاتە سەرووی هەشت ملیۆن گەشتیار، ئەمەش بە پلانێکی وردی بۆ دانراوە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە و بەپێی ئەو پلانە هەشت ساڵییەی دایانناوە، دەیانەوێت تاوەکو ساڵی 2030 ژمارەی گەشتیاران بگەیەننە 20 ملیۆن گەشتیار.

ڕۆژی (10ـی نیسانی 2024) ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بۆ کوردستان24 ئاشکرایکرد: کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری بە سێکتەری گەشتیاری داوە و لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو، قەبارەی وەبەرهێنان لەو سێکتەرەدا گەیشتووەتە نزیکەی چوار ملیار و 500 ملیۆن دۆلار.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەپێی داتاکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2023، سێ ھەزار و 100 شوێن ھەبوون کە خزمەتگوزاریی گەشتیارییان پێشکەش بە گەشتیاران کردووە کە بنکەی گەشتیاری، ھۆتێل، رێستۆرانت، مۆتێل، کافتریا، ھۆڵی ئاھەنگگێڕان و شوێنە گەشتیارییەکانی دیکە دەگرێتەوە.

هەروەها هەر بەپێی داتاکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ھەزار و 750 شوێنی مانەوەی گەشتیاران ھەن کە بریتین لە 625 ھۆتێل، 370 مۆتێل، 80 گوندی گەشتیاری، جگە لە نزیکەی 800 رێستۆرانت و کافتریای گەشتیاری و سەدان کەپری گەشتیاری لە ناوچە گەشتیارییەکانی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان.