ستافی کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا سەردانی مزگەوتێکی هەولێریان کرد

K24 - هەولێر
ستافی کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا سەردانی مزگەوتی (حاجی خەلیل)ـیان لە هەولێر کرد و سیمینارێکیان بۆ ئامادەبووان پێشکەشکرد.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەیینی، 12-04-2024، ستافی کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، سەردانی مزگەوتی (حاجی خەلیل)ـیان لە هەولێر کرد و سیمینارێکیان لەسەر یەکەم بەندی هەموارکراوی دەستووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە "گەرەنتی ئازادیی ئایینی دەکات" پێشکەشکرد.
کونسوڵخانەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ستافەکە لەگەڵ ئامادەبووانی سیمینارەکە، پێکەوە گفتوگۆیان کرد دەربارەی ئەوەی "چۆن هاووڵاتییە ئەمەریکییە موسوڵمانەکان ئازادانە مومارەسەی ئایینی ئیسلام دەکەن و بەشداردەبن لە بۆنە ئایینیەکان و پشوەکان بەرزڕادەگرن و شوێنی پەرستن دادەمەزرێنن. هەروەها چۆن ئەندامانی سەرجەم ئایینەکان دەتوانن ئازادانە بیروباوەڕەکانیان لە ڕێی ئامرازە هەمەڕەنگەکانی وەکو گوتاردان و نووسین و کۆبوونەوەی کۆمەڵایەتیەوە دەرببڕن".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "هەر هەمان بەندی دەستوورەکە پارێزگاری لە مافی هاووڵاتییە ئەمەریکییە موسوڵمانەکان و گشت هاووڵاتییانی ئەمەریکی دەکات بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندانی ئاشتییانە و کاری چالاکەوانی و هەوڵە داکۆکیکارییەکان لە گۆڕانکاریی ئەرێنی لە کۆمەڵگادا".







