سوپای ئیسرائیل چەند سەربازگەیەکی حزبوڵڵای بۆردومان کرد

K24 - هەولێر

میدیاکانی لوبنان ڕایانگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە سەر بەرزاییەکانی عرمتی و ڕەیحانیان لە باشووری لوبنان.

لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، چەند سەربازگەیەکی گەورەی سەر بە حزبوڵڵای لوبنانیان لە ناوچەی ڕەیحان لە باشووری لوبنان بۆردومان کردووە.

ئاڵۆزییەکانی سنووری ئیسرائیل و لوبنان ماوەی چەند مانگێکە دروست بووە، و لەدوای کوژرانی سەرکردەکانی سوپای پاسداران لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق، تا دێت گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە زیاتر بوون.

لای خۆیەوە، نەبییە بێری، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان هەفتەی ڕابردوو دووپاتی کردەوە " لوبنان پەلکێش نەکرێتە ناو ئەو شەڕە، کە ئیسرائیل بە ئاشکرا هەوڵدەدات لوبنانی بۆ ڕابکێشێت".

ڕۆژی (دووشه‌ممه‌ 1ـی نیسانی 2024) ئاژانسی فه‌رمی سووریا ڕایگه‌یاند، چه‌ند ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ ده‌وروبه‌ری دیمه‌شقی پایته‌ختی سووریا ڕوویان دا و گرژییەکان زیاتر ئاڵۆزتر بوون.

ئاژانسی فه‌رمی سووریا هیچ زانیارییه‌كی له‌ باره‌ی شوێنی ته‌قینه‌وه‌كان و زیانه‌ گیانی و ماددییه‌كان نه‌كردووه‌. ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌، سوپای ئیسرائیل باڵه‌خانه‌یه‌كی له‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌ بۆردومان کردووە.

له‌لای خۆیه‌وه‌ ڕوانگه‌ی سووریی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، زانیاریی زیاتری له‌ باره‌ی ته‌قینه‌وه‌كان خستووه‌ته‌ ڕوو و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، ته‌قینه‌وه‌كان له‌ ناوچه‌ی مەززه‌ له‌ ڕۆژئاوای دیمه‌شق بوونە.

هاوكات چه‌ند ئاژانسێكی هه‌واڵ له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئێرانی ئاشكرای ده‌كه‌ن، باڵه‌خانه‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئێران له‌ دیمه‌شق و ماڵی باڵیۆزی ئێران له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ بۆردوومان کراوە.

میدیا ئێرانییه‌كانیش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، باڵیۆزی ئێران له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی بزووتنه‌وه‌ی جیهاد له‌ناو باڵیۆزخانه‌دا کۆبووەتەوە.

Fly Erbil Advertisment