شرۆڤەکارێکی سیاسی: شەڕی ئیسرائیل و ئێران تەنیا یارییەکە

K24 - هەولێر

شرۆڤەکارێکی سیاسی ڕایگەیاند، شەڕی ئیسرائیل و ئێران تەنیا یارییەکە، چونکە ئێران بەر لەوەی هێرش بکات، بە ئەوروپا و ئەمەریکا و هەموو ئەو وڵاتانەی گوتبوو کە ئەو کارە دەکات و مووشەکەکان لە کوێ دەدات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی نیسانی 2024، مەلا ئەحمەد پاڵانی، شرۆڤەکاری سیاسی لە کەندا، لەمیانی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، بە بڕوای من شەڕی ئیسرائیل و ئێران تەنیا یارییەکە، هەرچەندە ئیسرائیل توانیویەتی چەندان سەرکردەی ئێران بکوژێت، بەڵام ئێران بەر لەوەی ئەو کارە بکات، بە ئەوروپا و ئەمەریکا و هەموو ئەو وڵاتانە وتووە کە ئەو کارە دەکات و لە کوێشی دەدات.

بەگوتەی ئەو، "ئەو یارییە وەکو یارییەکەی قاسم سلێمانی وایە، و لە چەند مانگی داهاتوودا بۆمان دەردەکەوێت ئاشکرای دەکات کە هەڵدانی ئەو مووشەکانە لە کوێ دەدا و هیچ زەرەر و زیانێکیشی بۆ هیچ لایەک نەبێت، لەگەڵ هەڵدانی ئەم مووشەکانە کۆماری ئێرانی شیکاریی زۆری کردووە، رەنگە بە ڕووکەش دوژمنی ئیسرائیل بێت، بەڵام کردارەکانی زیاتر پێچەوانەی ئیسرائیل جوڵاوە. هەر بۆیە ئەو هێرشە جگە لە گەمەیەکی سیاسی هیچی دیکە نییە."

بە گوێرەی گوتەکانی پاڵانی، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بە ئەندازەیەک بەهێزن، کۆماری ئیسلامی ئێران ناتوانێت لە بەرامبەریان بوەستێت، بەڵام کۆمەڵیک شت هەیە ئەویش ئێران و ئیسرائیل پێویستیان بە ئاژاوەگێڕیی هەیە بۆی، بۆ ئەوەی بتوانن کارە نایاساییەکانی خۆیان بەجۆرێک لە جۆرەکان داپۆشن و پەردەپۆشی بکەن.

ئەحمەد پاڵانی گوتیشی، "لەلایەکی دیکە ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل فشارێکی زۆری لەلایەن ئیسرائیلەوە لەسەرە بۆ ئەو شەڕەی غەززە. لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە هەندێک متمانەی خۆی لەدەست داوە. ئێرانیش بەهەمان شێوە لەبەر ئەوەی پشتیوانی و پاڵپشتیی بەرەی مەقاوەمەوە دەکات و لە هەڵبژاردنەکانیش بینیمان خەڵکانێکی کەم بەشداریی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئێرانی کرد، ئەوی دیکەی هەموو ساختەو گەندەڵی بووە، ئەو ئاژاوە بە شێوەیەک کارە نایاساییەکانی خۆی پەردەپۆش بکات."

درەنگانی شەوی شەممە، 13-04-2024، نزیکەی کاتژمێر 11:00، سوپای پاسدارانی ئێران بە دەیان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل دەست یپێکرد. ئەم هێرشەی تاران لە وەڵامی کوژرانی حەوت ئەندامەکەی سوپای پاسدارانە کە لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کرانە ئامانج.

بە گوێرەی میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران، بەشێکی ئەو مووشەک و درۆنانە لەنێو خاکی عێراق، لوبنان، ئوردن و سووریاوە ئاراستەی ئیسرائیل کراون، بەشێکی دیکەشیان ڕاستەوخۆ لەنێو خاکی ئێرانەوە ئاراستە کراون.

سوپای ئیسرائیل دەستپێکردنی هێرشەکەی ئێرانی پشتڕاست کردەوە

دانیال هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل چەند هێرشێک لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکەی ئێران، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئامادەکاریی تەواویان بۆ هەر هێرشێکی ئێران کردووە و ئاگاداری دەستپێکردنی هێرشەکەن. گوتیشی، هێرشەکە مووشەکیش لەخۆ دەگرێت، نەک تەنها درۆن.

بەرپرسە سەربازییەکانی ئیسرائیل دەڵێن، درۆنەکانی ئێران چەند کاتژمێرێکیان دەوێت تاوەکو دەگەنە نێو خاکی ئیسرائیل؛ "ئەگەر لە ڕێگە نەکەونە خوارەوە، پێشبینی دەکەین دوای کاتژمێر 2:30ـی بەرەبەیان بگەنە ئیسرائیل".

Fly Erbil Advertisment