وەزیری دەرەوەی ئوردن: ڕێگە بە هیچ کەسێک نادەین ئاسایشی وڵاتەکەمان بخاتە مەترسییەوە
K24 - هەولێر
وەزیری دەرەوەی ئوردن ڕایگەیاند، ڕێگە بە هیچ کەسێک نادەین ئاسایشی وڵات یان سەلامەتی گەلەکەمان بخاتە مەترسی و هەموو هەنگاوێکی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەری وڵاتەکەمان دەگرینەبەر.
ئەیمەن سەفادی، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە و کاروباری تاراوگەنشین ڕایگەیاند، بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکاریی ئیسرائیل و دەستدرێژییەکانی بۆ سەر غەززە، و دەستپێکردن و جێبەجێکردنی پلانێکی تۆکمە بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕە پێویستی بە ئاشتییەکی دادپەروەرانەیە لەسەر بنەمای چارەی دوو دەوڵەتی.
هەروها بۆ ڕاگرتنی ئەو گرژییە گوتی، "پێویسته ئەنجوومەنی ئاسایش بەرپرسیارییەتی خۆی له پاراستنی ئاشتی و ئاسایش و ڕاگرتنی ئەو دەستدرێژییەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بوەستێنێت، هەروەها ئیسرائیل ناچار بکات ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرێت."
سەفادی هۆشداری دا لە بەردەوامبوونی دەستدرێژییەکان، ناوچەکە بەرەو هەڵکشانی زیاتر و کاردانەوەی مەترسی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و نێودەوڵەتی دروست دەکات.
هەروەها سەفادی جەختی لەسەر پێویستی یەکخستنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندن و پاراستنی تەواوی ناوچەکە لە لێکەوتەکانی کردەوە.
ئەو ڕاشیگەیاند، ئوردن بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژی بۆ سەر غەززە و پەرەسەندنی ناوچەکە، هەروەها کار لەگەڵ هاوبەشەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، بۆ دەستپێکردنی کردەوەی ڕاستەقینە و کاریگەر بۆ جێبەجێکردنی چارەی دوو دەوڵەتی، کە تاکە ڕێگایەکە بۆ گەیشتن بە ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی و دادپەروەریی لە ناوچەکەدا.
درەنگانی شەوی شەممە، 13-04-2024، نزیکەی کاتژمێر 11:00، سوپای پاسدارانی ئێران بە دەیان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێکرد. ئەم هێرشەی تاران لە وەڵامی کوژرانی حەوت ئەندامەکەی سوپای پاسدارانە کە لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کرانە ئامانج.
بە گوێرەی میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران، بەشێکی ئەو مووشەک و درۆنانە لەنێو خاکی عێراق، لوبنان، ئوردن و سووریاوە ئاراستەی ئیسرائیل کراون، بەشێکی دیکەشیان ڕاستەوخۆ لەنێو خاکی ئێرانەوە ئاراستە کراون.
سوپای ئیسرائیل دەستپێکردنی هێرشەکەی ئێرانی پشتڕاست کردەوە
دانیال هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل چەند هێرشێک لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکەی ئێران، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئامادەکاریی تەواویان بۆ هەر هێرشێکی ئێران کردووە و ئاگاداری دەستپێکردنی هێرشەکەن. گوتیشی، هێرشەکە مووشەکیش لەخۆ دەگرێت، نەک تەنها درۆن.
بەرپرسە سەربازییەکانی ئیسرائیل دەڵێن، درۆنەکانی ئێران چەند کاتژمێرێکیان دەوێت تاوەکو دەگەنە نێو خاکی ئیسرائیل؛ "ئەگەر لە ڕێگە نەکەونە خوارەوە، پێشبینی دەکەین دوای کاتژمێر 2:30ـی بەرەبەیان بگەنە ئیسرائیل".