لە 36ـەمین ساڵیادی ئەنفال، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌

شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، جێگری دووەمی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق
شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، جێگری دووەمی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق

K24   - هه‌ولێر:

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق لە 36ـەمین ساڵیادی ئەنفال، په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌، له‌ به‌شێكیدا ده‌ڵێت‌، پێویسته‌ پارێزگاری له‌ ئه‌زموونی دیموكراتی و ده‌ستكه‌وته‌ ده‌ستوورییه‌كان بكه‌ین و داواشیكرد، قه‌ره‌بووی ماڵباتی زیانلێكه‌وتووانی ئه‌نفال بكرێته‌وه‌.

دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، له‌میانی راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ به‌بۆنه‌ی 36مین ساڵیادی ئه‌نفال بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، رایگه‌یاند، 36 ساڵ به‌سه‌ر پرۆسه‌ی ئه‌نفال تێده‌په‌ڕێت، كه‌ له‌ ساڵی 1988 ده‌ستیپێكرد و به‌هۆیه‌وه‌ 182 هه‌زار منداڵ، ژن، لاو و پیری كورد بوونه‌ قوربانی و تاوانه‌كه‌ له‌لایه‌ن رژێمی رووخاوی به‌عس ئه‌نجامدرا.

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، وێڕای پرۆسه‌ی ئه‌نفال، هه‌ڵمه‌ته‌كانی كۆچپێكردنی زۆره‌ملێی و كۆمه‌ڵكوژی و به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی و قه‌ده‌غه‌كراو له‌ دژی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌لایه‌ن رژێمی له‌ناوچووی به‌عس له‌ دژی نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌ڕێوه‌چوون.

شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا داواشیكرد، قه‌ره‌بووی ماڵباتی زیانلێكه‌وتووانی ئه‌نفال (له‌ رووی ماددی و مه‌عنه‌وی) بكرێته‌وه‌.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ پارێزگاری له‌ پرۆسه‌ی دیموكراتی و ده‌ستكه‌وته‌كانی ده‌ستوور و به‌رده‌وامی گفتوگۆ له‌ نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كانی عێراق بۆ تێپه‌ڕاندنی ئاڵنگارییه‌كان و پاڵپشتی له‌ هه‌وڵه‌كان بۆ به‌هێزكردنی سه‌قامگیری بكرێت.