پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە گرنگییەوە سەیر دەکرێت

ئاڵای کوردستان
ئاڵای کوردستان

K24 – هەولێر:

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەردەوام هەرێمی کوردستان جێگەی سەرنج بووە و رۆڵی گرنگی بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکان گێڕاوە. ئەمەش بە ڕوونی لەسەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن دەردەکەوێت و نوێنەری هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ شاندەکەی بەشداری کۆبوونەوەکان دەکات.

هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی دوور و درێژی لەگەڵ ئەمەریکا هەیە و پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە گرنگییەوە سەیر دەکرێت، هەروەک لە کۆبووەنەوەی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایگەیاند، بەدڵنیاییەوە ئێمە هاوبەشی یەكترین و بەشانازییەوە دەتوانین بڵێین، هاوپەیمانی ئەمەریكاین. ئەنتۆنی بلینکنیش پشتیوانی خۆی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستانی خۆڕاگر دووپاتکردەوە. ئەم گرنگییەی رۆڵی هەرێمی کوردستانیش لە سەرانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش بۆ ئەمەریکا دەردەکەوێت و نوێنەری هەرێم لەگەڵ شاندی سەرۆکوەزیرانی عێراقە و بەشداریی کۆبوونەوەکان دەکات.

پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان مێژووین، بەڵام دوای شەڕی داعش و رۆڵی پێشمەرگە لە تێکشکاندنی، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی ئەمەریکا، چوونە قۆناغێکی دیکە و ناوی هەرێمی کوردستان لەسەر نەخشەی نێودەوڵەتی درەوشایەوە.

جیا لە پرسی ئەمنیش لەڕووی ئابووریشەوە، هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا پەیوەندییەکانیان ناوازەن، بەجۆرێک حكومەتی ئەمەریكا بە قەبارەی 300 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی راستەوخۆی لە پەرەپێدانی سێكتەری نەوت و گازی هەرێمی كوردستان هەیە، کە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەی سوودانی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا و بەرپرسانی ئەو وڵاتە، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانە لەرێگەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا.

Fly Erbil Advertisment