عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: كابینەی نۆیەم لە خزمەتکردنی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان بەردەوامە

K24 - هەولێر:
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، پێداگرین لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان، هەروەها كابینەی نۆیەم لە خزمەتکردنی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان بەردەوامە.
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەرباری قەیرانە داراییەکان بەڵام کابینەی نۆیەم بەردەوامە لە خەرجکردنی پارەی خوێندن بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، هەروەها قەرزە کۆنەکانیشیان بۆ دراوەتەوە.
ناوبراو راشیگەیاند، هەم سەرۆکی حکومەتی هەرێم هەم بەرپرسان پرسی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدانیان لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی بە زیندوویی هێشتووەتەوە و کاری بۆ دەکەن.
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان گوتیشی: پێداگرین لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان.
ئەنفال، کە بە جینۆسایدی کورد ناسراوە، پرۆسەیەکی کۆمەڵکوژیی کوردانی باشووری کوردستان بوو لەلایەن ڕژێمی بەعس بە سەرۆکایەتی پێنجەمین سەرکۆماری عێراق، سەددام حوسێن لە کۆتایی شەڕی ئێران و عێراق بە هەشت قۆناغ کرا و کە هێزەکانی فەیلەقی یەک، فەیلەقی پێنجی سوپای عێراق، کەتیبەکانی بەناو بەرگری نیشتمانی تێدا بەشداربوون و سەرجەمی هێزەکانیان نزیکەی 200 هەزار چەکدار دەبوون. لە تەواوی قۆناغەکاندا 182 هەزار هاووڵاتیی سڤیل بێسەروشوێن کران و زیاتر لە چوار هەزار و 500 گوندیش خاپوور و وێران کران.