بەرنامەی باسی رۆژ گرژییەکانی ناوچەکە و سەردانی سوودانی بۆ واشنتن تاوتوێ دەکات

K24 – هەولێر:
لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە لەلایەن رۆژنامەنووس ژینۆ محەممەد پێشکەشکرا، شارەزایانی سیاسەتی نێودەوڵەتی و شرۆڤەکارانی سیاسی باسیان لە گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمەریکا کرد، ئاماژەیان بەوەدا ئێران بۆ رازیکردنی لایەنگرانی هێرشی مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل. هاوکات گوتیان: نە ئیسرائیل نە ئێران نایانەوێت دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز بکەن.
لە سەرەتادا، دکتۆر پەروێز رەحیم، شارەزای سیاسەتی نێودەوڵەتی رایگەیاند، ئێران لە هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل هیچ شوێنێکی مەدەنی و سەربازی نەکردووەتە ئامانج، هێرشەکەشی هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
ئەو شارەزایەی سیاسەتی نێودەوڵەتی باسی لەوەکرد، ئێران بۆ رازیکردنی لاینگرانی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل ویستی تۆڵەی ئەو هێرشە بکاتەوە کە ئیسرائیل لە دیمەشق کردیە سەر باڵوێزخانەی ئێران.
دکتۆر پەروێز رەحیم، دەڵێت: ئێران تواناکانی نیشانی هەموو جیهان دا کە توانەکانی زۆر سەرەتاین لە ئاستی ئەوەدا نییە دەوڵەتێکی وەکو ئیسرائیل لەناو ببات، هەروەها ئیسرائیل نیشانیدا کە چەندە بەهێزە و هەموو جیهان پاڵپشتیان کرد.
ئەو شارەزایەی سیاسەتی نێودەوڵەتی، لەبارەی هەماهەنگی نێوان عێراق و ئەمەریکا گوتی: ئەمەریکا رێک ئەو شتەی دەوێ کە سوودانی پێشکەشی دەکات.
سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ئێران دەیەوێت کۆنترۆڵی پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق بکات، هەروەها گرنگە عێراق نەخرێتە نێو لیستی ئەو سزایانەی کە ئەمەریکا هەمیشە دەیسەپێنێت بەسەر ئێران.
لەلایەکی دیکەوە جەیمس سیسکۆ، سەرۆکی دامەزراوەی ئینۆدۆ گڵۆبەڵ گوتی: نە ئیسرائیل نە ئێران نایەنەوێت دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز بکەن، هەروەها ئیسرائیل دەیەوێت وەڵامی هێرشەکەی ئێران بداتەوە، بەڵام ئەمەریکا گوشاری لێدەکات کە دۆخەکە لەوە زیاتر ئاڵۆزتر نەکات.
سەرۆکی دامەزراوەی ئینۆدۆ گڵۆب، گوتیشی: وڵاتانی G7 هەموو داوایان کرد ئیسرائیل دان بەخۆ بگرێت و دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز نەکات، هەروەها وەڵامەکەی ئێران زۆر سنووردار بوو، هەموو لایەک دەیزانی ئێران وەڵام دەداتەوە.
جەیمس سیسکۆ، باسی لەوەکرد، ئەم گرژیانەی دوێنێ هیچ کاریگەرییەکی لەسەر گفتوگۆکانی نێوان سوودانی و بایدن نابێت، چونکە تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەمەریکا ئابووری و رێککەوتنی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات دەبێت.
ناوبراو لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە دەڵێت: هەرێمی کوردستان دەیەوێت هاوسەنگی رابگرێت، هەروەها هەرێمی کوردستان چرای دیموکراسی و ئومێدە لە ناوچەکە، بەڵام دەبێت هەرێمەکە بەسەر ئاڵنگارییەکان زاڵ بێت بۆ ئەوەی سەرنجی وەبەرهێنەرانی بیانی رابکێشێت.
لەلایەن خۆیەوە نەدا کەعبی، شرۆڤەکاری سیاسی، رایگەیاند، هێرشەکەی ئێران وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیل بوو بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق.
هاوکات راشیگەیاند، کاتێک بەرژەوەندی ئێران و ئیسرائیل دەکەوێتە مەترسییەوە، پشێوییەک دروست دەکەن، کە ئەمەش شتێکی نوێ نییە.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، ئاماژەی بەوەدا، لە بەرژەوەندی عێراقدا نییە وڵاتەکەی ببێتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاییکردنەوەی گرژییەکان، هەروەها ئێران و ئەمەریکا هاوبەش و هاوپەیمانی ستراتیژی عێراقن.
نەدا کەعبی، گوتی: عێراق دەتوانێت رۆڵی ئاگربەست بگێڕێت، هەروەها حکومەتەکەی سوودانی دەتوانێت کۆنترۆڵی هەموو بڕیارانە بکات کە لە دەرەوەی یاسان.