سێنتکۆم: 80 مووشەک و درۆنی حووسییەکانمان لە هێرشەکەی ئێران لەناو بردووە

K24 - هەولیر
فەرماندەیی هێزەکانی ناوەندیی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە هێرشەکەی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ڕووبەڕووی زیاتر لە 80 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و شەش مووشەکی بالیستیی حووسییەکان بوونەتەوە.
سێنتکۆم بەرەبەیانی ئەمڕۆ ڕایگەیاند، هێزەکانی فەرماندەیی سەرکەوتوو بوون لە هێرشی 13ـی نیسان و بەرەبەیانی 14ـی نیسان، بە پشتیوانی فڕۆکەکانی فەرماندەیی ئەمەریکی و هاوپەیمانان، لە ڕێگریکردن و لەناوبردنی زیاتر لە 80 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و لەگەڵ شەش مووشەکی بالیستی، کە لە یەمەنەوە ئاراستەی ئیسرائیل کرابوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو مووشەکان پێش هەڵدانیان، لەسەر زەوی و لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکانی سەر بە ئێران لە یەمەن لەناوچوون و تێکشکێنراون".
بەگوێرەی بڵاو کراوەکە، "ئەم هەڵسوکەوتەی ئێران سەقامگیری ناوچەکە و سەلامەتیی ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان دەخاتە مەترسییەوە"، ڕاشیگەیاند، هێزەکانی ئەمەریکا لە پێگەیەکدا دەمێنێتەوە کە پشتگیریی و بەرگریی ئیسرائیل دەکات، دژ بەم کارە مەترسیدارانە کە لەلایەن ئێرانەوە دەکرێن".
دوای دوو هەفتە لە هێرشی فڕۆکەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق و کوژرانی حەوت گەورەڕاوێژکاری ئەمنی سوپای پاسداران کە یەکێکیان بەرپرسی فەیلەقی قودس بوو لە سووریا، لوبنان و فەڵەستین بوو، سوپای پاسدارانی ئێران هێرشەکانی وەک تۆڵەکردنەوە کرد، بەڵام تا وەکوو ئێستا ئێران هیچ ئامارێکی لە سەر ژمارەی ئەو مووشەکە بالیستیی و درۆنانە بڵاو نەکردووەتەوە کە ئاراستەی ئیسرائیلی کردوون لەگەڵ ئەو شوێنانەی ئامانجی هێرشەکانی بوون.