ستیڤان سیگۆڕنێ: فەرەنسا بەشێکی سەرەکی بووە لە بەرگریکردنی ئیسرائیل

ستیڤان سیگۆڕنێ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا
ستیڤان سیگۆڕنێ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا

K24 - هەولێر

ستیڤان سیگۆڕنێ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ڕایگەیاند، فەرەنسا یاریکەرێکی سەرەکییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بنکەی سەربازیی لە چەند وڵاتێک هەیە، هێرشەکەی ئێرانیش کاریگەری لەسەر تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە هەبوو، هەربۆیە هێزەکانیان بەشدارییان کرد لە تێکشکاندنی ئەو هێرشانە.

ستیڤان ئاماژەی دا، لە ڕێگەی باڵیۆزەکەیانەوە لە پاریس، پەیامی توندیان بە ئێران داوە سەبارەت بە مەترسییەکانی تێکدانی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەو وەزیرە گوتیشی: "ئێمە هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەین، چونکە یاریکەرێکی گەورەین و بنکەی سەربازیمان لە ئیمارات و ئوردن هەیە، هێرشەکەی ئێران نەک تەنها ئاسایشی ئیسرائیل، بەڵکو ئاسایشی ناوچەکەی خستە مەترسییەوە، هەربۆیە بەشداریمان لە تێکشکاندنی هێرشەکەی ئێران کرد."

سیگۆڕنێ دەڵێت: "ئێمە ماوەیەک بوو ئامادەکاریمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکەی ئێران دەکرد، ڕێنمایمان بە هاووڵاتییەکانمان دابوو گەشت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەکەن، دیپلۆماتکارەکانمان لە تاران کشاندەوە."

ڕاشیگەیاند، گرنگە لەم کاتەدا پەیامێکی توند بە ئێران بدەین، فەرمانم کردووە باڵیۆزی ئێران لە پاریس بانگهێشت بکرێت و ئەو پەیامەی پێبدرێت.

دوای دوو هەفتە لە هێرشی فڕۆکەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق و کوژرانی حەوت گەورەڕاوێژکاری ئەمنی سوپای پاسداران کە یەکێکیان بەرپرسی فەیلەقی قودس بوو لە سووریا، لوبنان و فەڵەستین بوو، سوپای پاسدارانی ئێران هێرشەکانی وەک تۆڵەکردنەوە کرد، بەڵام تا وەکوو ئێستا ئێران هیچ ئامارێکی لە سەر ژمارەی ئەو مووشەکە بالیستیی و درۆنانە بڵاو نەکردووەتەوە کە ئاراستەی ئیسرائیلی کردوون لەگەڵ ئەو شوێنانەی ئامانجی هێرشەکانی بوون.

Fly Erbil Advertisment