مانگی حەوت لیجنەی باڵای هاوبەشی سەربازی ئەمەریکا و عێراق کۆ دەبنەوە

کۆبوونەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری بەرگری ئەمەریکا - بارەگای پێنتاگۆن
کۆبوونەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری بەرگری ئەمەریکا - بارەگای پێنتاگۆن

K24 - هەولێر

محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی داهاتووی لیجنەی باڵای هاوبەشی سەربازی ئەمەریکا و عێراق مانگی تەمووزی ئەم ساڵ بەڕێوەدەچێت.

سوودانی لە بارەگای سەرەکیی وەزارەتی بەگریی ئەمەریکا و لەگەڵ لۆید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا سوودانی ڕایگەیاند، عێراق لە ڕێگەی لیجنەیەکی باڵای هەماهەنگیی سەربازییەوە بەرەو هاوبەشی گشتگیر لەگەڵ ئەمەریکا هەنگاو دەنێت.

سەرۆک وەزیرانی عێراق گوتیشی: کۆبوونەوەی داهاتووی لیجنەی باڵای هەماهەنگیی سەربازی عێراق و ئەمەریکا بۆ هەڵسەنگاندنی هەڕەشەکانی داعش و توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق و گەیشتن بە ڕێککەوتنی دانانی وادەیەیەک بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی مانگی تەممووزی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.

لای خۆیەوە لۆید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ئاماژەیدا، وڵاتەکەی پابەندە بە هاوکاری کردنی عێراق لە تێکشکاندنی داعش. گووتیشی: دەیانەوێت لەگەڵ عێراق هەماهەنگیی سەربازیی قوڵییان هەبێت و خواستیشیان لە سەر ئەوەیە گفتوگۆکان بەرەو پەیوەندی ستراتیجی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ستراتجی عێراق و ئەمەریکا ببەن.

لە سەرەتای ئەم ساڵەوە لیجنەی باڵای هاوبەشی سەربازی ئەمەریکا و عێراق چەند جارێک بۆ کۆتایی هێنان بە ئەرکی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کۆبوونەتەوە و لە مانگی یەکی ئەم ساڵیشەوە لیژنە لاوەکییەکان، کە لەلایەن لیجنەی باڵای سەربازییەوە دامەزراون، چەند کۆبوونەوەیەکیان لە بەغدا کردووە، تیایدا مەترسییەکانی داعش، ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی هاوبەش و هەڵسەنگاندنی تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق تاوتوێ کراون.

Fly Erbil Advertisment