سوودانی و ئۆستن جەخت لە پەرەپێدانی توانای هێزەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگە دەکەنەوە
عێراق و ئەمەریکا گرێبەستێکی 550 ملیۆن دۆلاری لە بواری سەربازی ئیمزا دەکەن

K24 - هەولێر
وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دوای کۆبوونەوەی لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری و محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بارەگای سەرەکی پێنتاگۆن ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ئاماژەیداوە، سوودانی و ئۆستن جەختیان لە بەردەوامی هاوکارییە ئەمنییەکانی ئەمەریکا و عێراقیان بۆ شکست پێهێنانی داعش کردووەتەوە و گرێبەستێکی کڕینی چەک و پێداویستی سەربازیان بە بەهای 550 ملیۆن دۆلار ئیمزا کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە چڕ کردنەوەی هەوڵەکانی پەرەپێدانی توانا و مۆدێرن کردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە کردووە، بۆ ئەمەش وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا کۆمەڵێک خزمەتگوزاری و ڕاهێنان دابین دەکات و لە ڕووی دارایشەوە پاڵپشتی دەکات.
هەروەها بۆ هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە، وەزارەتی بەرگری خوولی مەشق و ڕاهێنان دەکاتەوە و تێچووەکەشی دەگرێتە ئەستۆ. هاوکات جەختیش لە سەر پاراستن و پارێزگاری کردن لە بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا کرایەوە لە عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە گرێبەستێکی 550 ملیۆن دۆلاری کڕینی چەک و پێداویستییە سەربازییەکان ڕیککەوتن کە لە ڕێگەی میکانزمی CAPS جێبەجێ دەکرێت، واتە تەواوی پارەکە بە یەک گوژمە نادرێت و بە شێوەی قیست عێراق بە ئەمەریکای دەدات.