سه‌دان خانوو و باڵه‌خانه‌ی زێده‌ڕۆ له‌سه‌ر هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ری به‌غدا دروست كراوه‌

K24 – هه‌ولێر:

گرته‌ ڤیدیۆیه‌ك بڵاو بووه‌ته‌وه‌، تێیدا ده‌رده‌كه‌وێت زێده‌ڕۆیی به‌سه‌ر موڵكی گشتیدا كراوه‌ و سه‌دان خانووی زێده‌ڕۆ له‌سه‌ر هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر دروست كراوه‌.

دوای ئه‌وه‌ی گرته‌ ڤیدیۆیه‌ك له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاو بووه‌وه‌، تێیدا ده‌رده‌كه‌وێت له ناوچه‌ی كارگه‌كانی شاڵچییه‌ له‌ باكووری به‌غدا‌ زێده‌ڕۆیی به‌سه‌ر موڵكی گشتیدا كراوه‌ و سه‌دان خانووی زێده‌ڕۆ له‌سه‌ر هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر دروست كراوه‌، له‌و باره‌‌وه‌ یونس خالید كه‌عبی، به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای هێڵه‌كانی شه‌مه‌نده‌فه‌ر ڕایگه‌یاند، دروستكردنی ئه‌م خانووانه‌ بۆ ساڵی 2010 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

لەم باره‌‌وه‌ یونس كه‌عبی دووپاتیشی كردووه‌ته‌وه‌، هه‌موو ئه‌و خانوو و باڵه‌خانانه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌ دروست كراون، زێده‌ڕۆن و به‌سه‌ر موڵكی گشتیدا.

ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌، كۆمپانیاكه‌یان سكاڵای یاسایی تۆمار كردووه‌ و ته‌نانه‌ت سكاڵاكانی له‌ باره‌ی ئه‌و كه‌س و لایه‌ن و دامه‌زراوه‌ حكوومەتییانه‌ی تێوه‌گلاون، گه‌یاندووه‌ته‌وه‌ ده‌سته‌ی ده‌ستپاكیی عێراق.

یونس كه‌عبی سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌یش ڕاكێشاوه‌، زێده‌ڕۆكان جۆراوجۆرن، به‌ شێوه‌یه‌ك هه‌ندێكیان خانوون، هه‌ندێكیان یاریگه‌ و نه‌مامگه و فه‌رمانگه‌ی میری و ته‌نانه‌ت دیواری زانكۆ و كۆلێژه‌كانن.

به‌ گوته‌ی یونس كه‌عبی، ڕێژه‌ی 20%ـی هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ری به‌غدا زێده‌ڕۆییان به‌سه‌ردا كراوه‌؛ ده‌شڵێت، هۆكەیشی بۆ نه‌بوونی یاسا و لێپێچینه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.