ئێزدییەکانی عێراق بە درێژایی مێژوو تووشی چەندین شاڵاو و کۆمەڵکوژی بوونهتهوه

K24 - هەولێر
لە زۆرینەی سەردەمە جیاوازەکانی حوکمڕانی لە عێراق و ناوچەکە، ئێزدییەکان چەندین جار تووشی کۆمەڵکوژی، گرتن و راگواستن بوونەتەوە و بەچەندین شێواز هەوڵی قڕ کردنیان دراوە، كه نزیكترینیان هێرشی داعش بوو بۆ ناوچهكانیان.
چیرۆکی قڕکردنی ئێزدییەکان مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە کە وەک خۆیان ناویان ناوە فەرمان. ماڵپەری "ئیزەدی تروت ئۆرگ"، باس لە 72 کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان لە نێوان ساڵانی 630 و 1917دا دەکات، بەڵام نایشارنەوە فەرمانی 73ـهەمین کە لەسەر دەستی داعش بەڕێوەچوو جیاوازترە لە گشت فەرمانەکانی پێشوو.
لە 3ـی ئابی 2014، رێکخراوی داعش هێرشی کردە سەر کوردانی ئێزدی شنگال و بهشێكی خەڵکەکەی جینۆسایدکرد و رفاند، بە گوێرەی ئامارەکان جگە لە کوشتوبڕ و کۆمەڵکوژکردنی بەشێکی زۆری خەڵکەکەی، 6417 کەسیان رفێنراون، لەو ژمارەیەش 3584 کەسیان لە رەگەزی مێ و 2869 کەسیان لە رەگەزی نێربوون.
بە گوێرەی ئامارێکی نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی هاتووە داعش لەکاتی داگیرکردنیدا 68 مەزارگەی لە ناوەوە و دەرەوەی شنگال لەناوبردووە، لەو کاتەوە تائێستا 83 گۆڕی بە کۆمەڵی کوردانی ئێزدی دۆزراونەتەوە، کە سەدان ژن و منداڵیان تێدا بووە.
لە کۆی ژمارەی گشتیی ئێزدییەکان کە 550 هەزار کەسن، بەگوێرەی ئامارەکان 120 هەزار کەسیان بۆ دەرەوەی عیراق کۆچیان کردووە، هەروەها زیاتر لە 135 هەزار ئێزدی لەناو کەمپەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین و بههۆی ناسهقامگیری ئهمنی و ههڕهشهی گرووپه چهكدارهكان ناتوانن بگهڕێنهوه ناوچهكانی پێشوویان.
داعش بە تەنها دەستیان بۆ گیانی ئێزدییەکان نەبرد، بەڵکوو زیانێکی زۆری ماددیشیان بە شنگال و دەوروبەری گەیاند، ناوهندی ریسی زانكۆی نیویۆرك لە راپۆرتێکدا كه لهسهر دۆخی شهنگال ئامادهیكردووه ئاماژەی بەوەداوە، بههۆی هێرشی داعش بۆ شهنگال و دهوروبهری نزیكهی 80%ی ژێرخانی مرۆیی و 70%ی خانوو و شوێنی نیشتهجێبوونی هاووڵاتییان وێرانكراوه، کە بۆ دووباره دهستپێكردنهوهی ژیان و گهڕانهوهی ئاوارهكان بۆ زێدی خۆیان، شارهكه پێویستی به تهرخانكردنی زیاتر لە 150 ملیۆن دۆلار دەبێت.