ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی "هەسەدە" بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ تۆمەتبار دەکات

K24 - هەولێر
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ئیدارەی خۆسەری بە ئەنجامدانی "تاوانی جەنگ" تۆمەتبار کرد، کە لە ڕێگەی ئەشکەنجەدان و مامەڵەی دڕندانە بەرامبەر بە دەیان هەزار جیهادی و ئەندامانی بنەماڵەکانیان کە دەستبەسەر کراون کردووە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات بە پاڵپشتی واشنتن دامەزراوە، هەروەها نزیکەی 56 هەزار کەسی لەکەمپەکانی هۆل و ڕۆژ لە ڕۆژئاوای کوردستان، دەستگیر کردووە، کە سی هەزار منداڵ لەنێو ئەو دەستگیرکراوانەدانە، ئەوان سەر بە چەکدارانی داعشن.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکی نوێدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی نیسانی 2024، بڵاوی کردەوە، ڕایگەیاند، دەستگیرکراوەکانی ژێر دەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات"هەسەدە"، "ڕووبەڕووی پێشێلکاریی بوونەتەوە، هەروەها ژمارەیەکی زۆریان بەهۆی بارودۆخی نامرۆڤانەوە گیان لەدەست دەدەن".
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، پێشێلکارییەکان بریتین، لە "لێدانی بەهێز، تەزووی کارەبا و توندوتیژی لەسەر بنەمای کۆمەڵایەتی، جگە لە جیاکردنەوەی نایاسایی ئافرەتان لە منداڵەکانیان".
ئانیاس کالامار، سکرتێری گشتی ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند، "بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەر تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە، بە ئەشکەنجەدان و کردنی مامەڵەی دڕندانە، ڕەنگە تاوانی جەنگییان بە کوشتنی ئەنقەست ئەنجامدابێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "حکوومەتی ئەمەریکا بەشداری کردووە لە دروستکردن و فراوانکردنی سیستەمێکی زۆر نایاسایی، کە بە شێوەیەکی سیستماتیکی بارودۆخی نامرۆڤانە و کوشتنی نایاسایی بە ئەشکەنجەدانی تایبەت".
واشنتن کە سەرکردایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکات، ساڵانێکە پاڵپشتیی لە هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکات لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، ئیدارەی خۆسەر بە پارەی ئەمەریکا بەشداریی لە نۆژەنکردنەوەی شوێنەکانی دەستبەسەرکردن و دروستکردنی دامەزراوەی نوێ دەکات لە ناوچەکە.