سوپای پاسداران: لە هێرشەکانماندا بۆ سەر ئیسرائیل چەکی کۆنمان بەکار هێناوە

K24 – هەولێر:

فەرماندەیەکی سوپای پاسداران ئاشکرای دەکات، لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر ئیسرائیل چەکی کۆنیان بەکارهێناوە، ئاماژە بەوەش دەکات، بە کەمترین توانا دەتوانن ئیسرائیل لەناو ببەن.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، ئەمیر عەلی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە، لە هێرشەکەی بەربەیانی ڕۆژی یەکشەممە بۆ سەر ئیسرائیل مووشەکی خوڕەمشەهر، سجیل، حاجی قاسم، خەیبەرشکێن هایپەرسۆنیکی 2ـیان بەکار نەهێناوە.

ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە، لە هێرشەکەیان بۆ سەر ئیسرائیل کەڵکیان لە چەکی کۆن وەرگرتووە، هەروەها کەمترین توانای سەربازیییان بەکار هێناوە. ئەمیر عەلی حاجی زادە، گوتیشی: بە کەمترین توانا شکست بە ئیسرائیل دەهێنین.

قسەکانی ئەم فەرماندە سەربازییە ئێرانییە لە کاتێکدایە کە بە گوتەی بەرپرسانی سەربازیی ئەمەریکا و ئیسرائیل، 99%ـی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوان و مووشەکانەی کە لەلایەن ئێرانەوە هەڵدرابوون، بەر لەوەی بگاتە ئیسرائیل، تێک شکێندرابوون.

Fly Erbil Advertisment