مەسعود کاڕەش: تەنیا بڕیاری هاوکاریی بۆ نۆژەنکردنەوەی دوکانە سووتاوەکانی بازاڕی لەنگە دراوە

K24 – هەولێر:
جێگری پارێزگاری هەولێر، ڕایدەگەیەنێت: کامێرای چاودێریی حکوومەتی لە بازاڕی لەنگەی هەولێر دادەنرێت، بۆ ئەوەی دوکانی کاسبکاران لە ئەگەری ڕوودانی هەر حاڵەتێکی ئاگرکەوتنەوەی بە دەستی ئەنقەست، پارێزراو بێت.
مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 ڕایگەیاند، تەنیا بڕیاری هاوکاریی بۆ نۆژەنکردنەوەی دوکانە سووتاوەکانی بازاڕی لەنگە دراوە، نەک قەرەبووکردنەوەیان.
جێگری پارێزگاری هەولێر، دەڵێت: زۆر جار کە بازاڕی لەنگە ئاگری تێ بەردەبێت، دوکانداران هۆی تەشەنەکردن و فراوانبوونی ئاگرەکەن، بەهۆی ئەوەی کەلوپەلەکانیان لە پێش دوکانەکانیان دادەنێن و ئەمەش وادەکات خێراتر ئاگرەکە تەشەنە بکات و سەرتاپای بازاڕەکە بگرێتەوە.
مەسعود کاڕەش، گوتیشی: ئەگەر دوکانەکانی بازاڕی لەنگە کەلوپەلەکانیان نەهێننە دەرەوە 80%ـی کێشەکان چارەسەر دەبن.
جێگری پارێزگاری هەولێر، ئاماژەی بەوەدا، ئەم جارە کامێرەی چاودێریی حکوومەتی لە بازاڕی لەنگەی هەولێر دادەنرێت، بۆ ئەم جارە کە بازاڕی لەنگە سووتا کەوتووینە گومان ئایا سووتێنراوە یان خۆی سووتاوە؟.
مەسعود کاڕەش، سەرنجی خستە سەر ئەوەش، ڕەنگە بە شێوەیەک لە شێوەکان سووتانی ئەم جارەی بازاڕەکە بە دەستی ئەنقەست کرا بێت، هەروەها لە ماوەکانی داهاتوودا ئەنجامی لێکۆڵێنەوەکان ڕادەگەیەنین بۆ ئەوەی بکەرانی ڕووداوەکە ئاشکرا بکرێن.
جێگری پارێزگاری هەولێر، لەبارەی نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکەوە گوتی: قۆناغی یەکەمی نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە تەواو بووە و، ئێستە قۆناغی دووەمی نۆژەنکردنەوە دەستی پێ کردووە.