گۆڕێكی به كۆمه‌ڵ له شنگال دۆزرایه‌وه

K24 - هەولێر:
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان24 له شنگال، گۆڕێكی به كۆمه‌ڵ له كۆمه‌ڵگه‌ی (سیبا شێخ دری) له شنگال له‌لایه‌ن رێكخروای (په‌تریكۆ) بۆ مافه‌كانی مرۆڤ دۆزرایه‌وه.
په‌یامنێری كوردستان24 له شنگال له‌مباره‌یه‌وه رایگه‌یاند، له‌كاتی ئاماده‌كاری بۆ قیرتاوكردنی رێگه‌یه‌ك له كۆمه‌ڵگه‌ی (سیبا شێخ دری) گۆڕه‌كه دۆزراوه‌ته‌وه، پێكهاتووه له سێ رووفات، پێده‌چێت بۆ سه‌رده‌می ساڵی 2014 و هێرشه‌كانی داعش بۆسه‌ر شنگال بگه‌ڕێته‌وه.
رێكخراوی (په‌تریكۆ) بۆ مافه‌كانی مرۆڤ له‌مباره‌یه‌وه رایگه‌یاند، له‌باره‌ی ئه‌م رووداوه‌وه، له‌گه‌ڵ لایه‌نه تایبه‌ته‌كانی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕی به كۆمه‌ڵ له‌سه‌ر هێڵ ده‌بین.
ئه‌مه له كاتێكدایه، تا ئێستا له كۆی 89 گۆڕی به كۆمه‌ڵی هاووڵاتییانی شنگال، 38 گۆڕ هه‌ڵدراونه‌ته‌وه و رووفاتی 160 هاووڵاتی بۆ كه‌سوكاره‌كانیان گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها 500 رووفاتی هاووڵاتییان ره‌وانه‌ی دادپزیشكی به‌غدا كراون بۆ ئه‌وه‌ی پشكنینی DNAـیان بۆ بكرێت و ناسنامه‌كه‌یان ئاشكرابكرێت.
رۆژی (3ی ئاب/ئۆگێستی 2014)، تیرۆریستانی داعش هێرشیانكرده سه‌ر شنگال و جینۆسایدی ئێزدییه‌كانی شنگال و ناوچه‌كه‌یان كرد.
له‌و هێرشه‌دا، تیرۆریستانی داعش زیاتر له 6500 ئافره‌ت و منداڵی ئێزدییان رفاند و زیاتر له 350 هه‌زار كه‌سی دیكه‌ش ئاواره‌ی كه‌مپه‌كانی ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بوون. هه‌روه‌ها نزیكه‌ی 2500 ئێزدیش تاكو ئێستا بێسه‌روشوێنن.
رۆژی (13ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2015)، له ئۆپراسیۆنێكی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك بارزانی، شنگالی له ده‌ست تیرۆریستانی داعش ئازادكرا.
له (9ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2020)، رێككه‌وتننامه‌ی شنگال له نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عێراق له شاری به‌غدا واژووكرا.



