ناتۆ سیستەمی زیاتری پاتریۆت بە ئۆکرانیا دەدات

K24 – هەولێر
سکرتێری گشتی ناتۆ یێنس ستۆڵتنبێرگ دوای سەرۆکایەتی کردنی کۆبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆی وەزیرانی بەرگری هاوپەیمانی ناتۆ و سەرۆکی ئۆکرانیای بۆ چارەکردنی پێویستییە بە پەلەکانی ئۆکرانیا بۆ پێدانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و هاوکارییە سەربازییەکانی دیکە. ڕایگەیاند، وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانێتییەکە ڕەزامەندیانداوە لە سەر پێدانی سیستەمی بەرگری بە کیێڤ بۆ تێکشاندنی هێرشەکانی ڕووسیا.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە بەشداری کۆبوونەوەکەی ناتۆ بوو، باسی بارودۆخی مەیدانی جەنگ و پێداویستییە بە پەلەکانی ئۆکرانیای بۆ بەرگری کرد.
دوای کۆبوونەوەکە، ستۆڵتنبێرگ ڕایگەیاند، وڵاتانی ئەندامی ناتۆ ڕێککەوتوون لەسەر دابینکردنی پشتیوانی زیاتری سەربازی بۆ سوپای ئۆکرانیا، لە نێو ئەو پێداوئستیانەی دابین دەکرێن، سیستەمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی هەیە و بەهای هاوکارییەکانی نزیکەی چوار ملیار یۆرۆیە.
بە گوتەی ستۆڵتنبێرگ لە پشتیوانییە تازەکەی ناتۆدا بڕیاردراوە سیستەمی پاتریۆتی زیاتر ڕەوانەی ئۆکرانیا بکرێت و پێشبینی کردووە بەم نزیکانە سیستەمەکە بگەیەنرێت ئۆکرانیا بۆ تێکشکاندنی هێرشەکانی ڕووسیا.